هۆشداریی لە زێدەڕۆیی ڤیتامین "بی12" دەدرێت كە كاردانەوەی نەرێنیی هەیە

:: PM:03:06:01/05/2025 ‌
ڤیتامین "بی12" زۆربەی رەگەزە خۆراكییەكان لەخۆ دەگرێت و بۆ تەندروستیی مرۆڤ زۆر گرنگە، بەتایبەتی بۆ مێشك و دروستكردنی شانەكانی هیمۆگلۆبین و ترشەڵۆكی ناوكی. بەڵام وەك پسپۆرانی بوارەكە ئاماژەی پێ دەكەن ئەگەر زێدەڕۆیی لە بەكارهێنانی بكرێت، ئەوكات لێكەوتەی نەرێنی لەسەر تەندروستی دروست دەكات و بە زیان دەگەڕێتەوە.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ پێنجشەم یەكی ئایار، هەواڵەكەی لە رۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیندیا" وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، زێدەڕۆیی لە ڤیتامین "بی12" لەبری ئەوەی سوود بە تەندروستی بگەیەنێت، پێچەوانە دەبێتەوە و زیانەكانی زیاترن. بۆیە رۆژنامەكە بۆچوونی ژمارەیەك پسپۆری بواری خۆراكی وەرگرتووە و لە چەند خاڵێكدا زیانەكانی زێدەڕۆییكردن لە بەكارهێنانی ڤیتامین" بی12"، دەستنیشان دەكەن.

پسپۆران باس لەوە دەكەن كە زێدەڕۆییكردن لە ڤیتامین "بی12" بەر لەهەر شتێك كێشە بۆ هەرس دروست دەكات، هەروەها جارجارە كەسەكە تووشی سەرسوڕان و بوورانەوە دەبێت، جیالە غازات و سكچوون. راستە زیانەكانی زۆر مەترسیدار نین، بەڵام ناخۆشن و هەندێك جاریش ئازاریان بەدواوە دەبێت، بۆیە ئامۆژگاری دەكەن كە بەكارهێنانی كەمتر بكەنەوە.

زیانێكی تری زێدەڕۆییكردن لە ڤیتامین "بی12" وەك روون كراوەتەوە، قنچكە زیاتر دەكات، بەتایبەتی بۆ گەنجان كە ئەو قنچكەیە لە قۆناغێكی ژیاندا تووشیان دەبێت، زۆر بەكارهێنانی ئەو ڤیتامینە، وا دەكات قنچكەكان زیاتر بن. ئەو گۆڕانە هۆرمۆنییە بۆ بەكتیریا دەگۆڕێ و لەسەر پێست رەنگ دەداتەوە. دووپات دەكەنەوە كە ئەو گۆڕانە زیاتر لەسەر رووخسار و پشت دەردەكەوێت.

هەروەها پسپۆران دەڵێن زۆر بەكارهێنانی ئەو ڤیتامینە، وا دەكات كەسەكە تووشی سەرسوڕان و سەرئێشە بێت، زۆرجاریش پاڵەپەستۆی خوێن بەرز دەكاتەوە، بۆیە باشترین كار بیكەن ئەوەیە ئەو ڤیتامینە بە رێنوێنی پزیشكی پسپۆر بەكار بێنن.

ئاماژە بەوەش دراوە بەتایبەتی ئەوانەی لە بنچینەوە كێشەی گورچیلەیان هەیە، دەبێ لە بەكارهێنانی ڤیتامین "بی12" وریابن و ناكرێ زیدەڕۆیی لە بەكارهێنانی بكەن. لە هەندێك توێژینەوەدا بەو ئەنجامە گەیشتوون، زۆر بەكارهێنانی ئەو ڤیتامینە، دەبێتە هۆی لاوازی گورچیلە و وا دەكات ئەركەكانی گورچیلە بەباشی ئەنجام نەدرێن.

دواتریش پسپۆران دووپاتی دەكەنەوە كە بەشێوەیەكی گشتی زۆر بەكارهێنانی ڤیتامین "بی12" نەك هەر سوود ناگەیەنێت، بەڵكو پێچەوانە دەبێتەوە و زیانی زۆرترە، بۆیە باشترین رێگە ئەوەیە بەپێی رێنوێنیی پزیشكی پسپۆر، ئەو ڤیتامینە بەكار بێنن.

 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د