دوای ئەوەی راگەیەنرا كە یەكەم حاڵەتی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە كوردستان تۆمار كراوە، وەزارەتی تەندروستی نۆ رێنوێنی بۆ خۆپاراستن و دووربوون لە نەخۆشییەكە بڵاو كردەوە.
ئەمڕۆ هەینی دووی ئایار، وەزارەتی تەندروستی بڵاوی كردووەتەوە، بۆ دووربوون لە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون، پێوستە لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵ ئەم رێنوێنییانە زانستییانە جێبەجێ بکرێن:
1- سەربڕینی ئاژەڵ پێویستە لەناو ئەو سەربڕینخانانەدا بێت کە ڕێگەپێدراون و پزیشکی ڤێنتەرنەری سەرپەرشتیی دەکات.
2- لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵ و کەوڵکردن یان پارچەپارچەکردنی گۆشتەکەیان، جلوبەرگی خۆپارێزی وەک: دەستکێش، جزمە، بەرگی تایبەت، ماسکی دەموچاو بەکار بهێنرێن.
3- نابێت خێزان یان خەڵک لە چواردەوری قەساب کۆببنەوە و هاوکاریی بکەن.
4- بەبێ دەستکێش دەست لە کەلاش مەدەن و دوای پۆشینی دەستکێش و کەلوپەلی خۆپارێزی گۆشتەکە پارچەپارچە بکەن و پاشان دەست بەباشی بشۆردرێ.
5- لابردنی پاشماوەی ئاژەڵە سەربڕاوەکان و دانانی کیسی داخراو و فڕێدانی بۆ شوێنی تایبەت.
6- بەکارهێنانی چەقۆ و تەختەی پارچەپارچەکردنی تایبەت بە گۆشت و پاکژکردنەوەی تەختە و چەقۆکان دوای بەکارهێنان.
7-پاککردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەکەی لێ سەر دەبڕدرێت، بەتایبەت ئەو شوێنانەی خوێنی لێیە بە ماددەی کلۆرین پاک بکرێنەوە.
8 - باشتر وايە گۆشت دواى سەربڕينى ئاژەڵ بۆ ماوەى نيو كاتژمێر لە پلەى (4 - پلەى سەدى هەڵبگيرێت، پاشان بەكار بهێنرێت. بەڵام گۆشتی کوڵاو هیچ کێشەی نییە و نابێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون.
9- ئەگەر ئاژەڵ گەنە يان مێرووى ترى هەبوو باشتر وايە سەر نەبڕدرێت.
ئەم رێنوێنییانەی وەزارەتی تەندروستی دوای ئەوە دێت گۆشتفرۆشێكی تەمەن 42 ساڵ لە كۆیە تووشی نەخۆشییەكە بووە و بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی تەندروستیش لە ئێستەدا لە هەولێر لە نەخۆشخانەیەك چارەسەر وەردەگرێت و باری تەندروستیشی جێگیرە.