دەرمانخانەی پێشەوا بڵاوی كردەوە، جیاكردنەوەی دەرمانی ساختە لە دەرمانی ڕاستەقینە ئاسان نییە، بەڵام هاووڵاتییان دەتوانن سوود لەم خاڵانە وەربگرن، كە تا ئاستێك دەتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت و هاوكار بێت بۆ ناسینەوەی دەرمانی ساختە.
دەرمانخانەی پێشەوا لەبارەی ئەوەی چۆن دەرمانی ساختە لە دەرمانی ڕاستەقینە جیا بكەینەوە دەڵێت: پێویستە كەسی پسپۆڕ دوای پشكنین بڕیاری لەسەر بدات، بەڵام بەم رێگانەش دەكرێت دەرمانی ساختە بناسینەوە:
لە وڵاتی خۆمان ستیكەری تایبەت بە دەرمان هەیە و كاتیك دەرمانێك دەكڕین و ستیكەری پێوەیە، واتە پشكنینی بۆ كراوە و ساختە نییە.
گرنگە نووسینی سەر پاكەتی دەرمانەكە "ناوی دەرمان، ناوی كۆمپانیای دروستكەر، ناوی بازرگانی بە ڕوونی نووسرابێت و هەڵەی تێدا نەبێت".
ئەگەر حەب بوو پێش خواردنی دڵنیابەرەوە كە نەئاوساوە، یاخن بە ئاسانی هەڵبوەرێت و بشكێت یان رەنگی گۆڕابێت.
ئەگەر شرووب بوو بۆنی دیارە گۆڕاوە بەرەو تێكچوون چووە، ئەگەر شرووبەكەش نیشتبوو، ڕەنگی گۆڕابوو، ئەوا یان ساختەیە یان پێكهاتەكەی گۆڕاوە و سوودی نەماوە.
ئەگەر پاكەتی دەرمانەكە تێكچوبوو، دانەخرابوو، یان چرچ و لۆچ بوو، ئەوەش بەكار مەهێنە.