ئەگەر 10%ی كێشت دابەزێنی چی روو دەدات؟

:: PM:02:44:03/05/2025 ‌
پزیشكێكی كورد رای دەگەیەنێت، هەر كەسێك 10% لە كێشی زیادی خۆی دابەزێنێ‌، ئەوە دوو دەبێ لە تەواوی نەخۆشییە باوەكان كە بەهۆی قەڵەوییەوە رووبەڕووی مرۆڤ دەبنەوە. 

ئەنەس هەركی پسپۆڕی خۆراكزانی و پارێزی، لە لێدوانێكدا بۆ "وشە" گوتی، داتای نوێ ئاماژە بەوە دەكەن قەڵەوی بووەتە پەتایەكی جیهانی و 2.5 ملیار كەسانی پێگەیشتوو كێشیان زیادە كە لە 43٪ـی كۆی  پێگەیشتووانە. هاوكات 37 ملیۆن منداڵی ژێر پێنج ساڵ و 390 ملیۆن منداڵ و هەرزەكاری پێنج بۆ 19 ساڵ كێشیان زیادە.

روونیشی كردەوە، ڕێژەی كێش زیادی لە منداڵان لە 8٪ـەوە گەیشتووەتە 20٪  كە هەموو ئەوانە دەبێتە هۆی نەخۆشیی دڵ، شەكرە، گوشاری خوێن، جەڵتە و شێرپەنجە لێ دەكەوێتەوە.

ئەو پزیشكە دەڵێ‌، كەمكردنەوەی تەنیا 10٪ـی كێش دەتوانێ مەترسیی ئەم نەخۆشییانە بەشێوەیەكی بەرچاو كەم بكاتەوە كە بۆ كەمكردنەوەی كێش  تاكە ڕێگە، ڕێكخستنی پلانی خۆراكییە.  

ئەمەش  چەند ڕێگەیەك لە خۆی دەگرێت:
١- زیادكردنی خواردنی سەوزە و میوە
٢- دووركەوتنەوە لە خواردنە خێرا و پروسێسكراوەكان 
٣- كەمكردنەوەی ئەو خواردنانەی  كالۆرییەكی زۆریان تێدایە بەتایبەتی خواردنە چەورەكان 
٤- بۆ كەمبوونی كێش پێویستە لە چوارچێوەی پێویستی خۆت كەمتر بخۆیت.

 چەندان ڕێگەی تریش یارمەتیدەر بن وەك وەرزشی مامناوەند ڕۆژانە 30 خولەك. شێوازی خەوێكی ڕێك ڕۆژانە حەوت و بۆ هەشت سەعات لە شەوێكدا. 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم