ئەگەرچی ئاساییە مرۆڤ هەندێك شتی بیر بچێتەوە، بەڵام ئاسایی نییە ئەو حاڵەتە بەردەوام بێت و تەشەنە بكات و زیاتر بێت، رەنگە بەهۆی سترێس و زۆر بیركردنەوە و شێوازی ناتەندروستی ژیان و خۆراك و كاركردنی ئێستە و كێشەی خەو، ئەوانە كار لە تەندروستیی جەستە و مێشك بكەن، توێژینەوەیەكی نوێی پەیمانگەی هۆبكنز، پێشبینیی نیگەرانكار لەبارەی زیادبوونی ژمارەی كەسانی تووشبوو بە خەڵەفان رادەگەیەنێت.
بەپێی
پێشبینییەكان لە 2025 نزیكەی نیو ملیۆن حاڵەتی نوێی خەڵەفان لە دنیا دەردەكەوێت، ئەگەریش هەیە ژمارەكە لە 2060 بگاتە ملیۆنێك حاڵەتی نوێی ساڵانە، ئەوەش مەترسییەكی گەورەیە رووبەڕووی كەرتی تەندروستیی دنیا دەبێتەوە، توێژینەوەكە باسی بوونی پێوەندییەكی روون لە نێوان بەرزیی پەستانی خوێن و مەترسیی تووشبوون بە خەڵەفان دەكات.
توێژینەوەكە باوەڕی وایە پەتای كۆرۆنا، كە لە كۆتای 2019 سەری هەڵدا، بووەتە هۆی زیادبوونی مەترسییەكە، ئەوەش بەهۆی كاریگەریی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر لوولەكانی خوێن، لەوانەش كە خوێن بە مێشك دەگەیەنن، بەو جۆرە كار لە توانای مێشك دەكەن، جیا لەوانە توێژینەوەكە وریایی لە كاریگەریی هەستكردن بە تەنیایی و دابڕانی كۆمەڵایەتی لە تێكچوونی توانای مێشك كرد، ئاماژەی كرد كە بۆماوە هەموو كات هۆكاری سەرەكی نییە، بگرە هۆكاری بەشێكی خەڵەفانە.
سەرەڕای ئەو پێشبینییانە دیوێكی گەشبین و رووناك لە توێژینەوەكانی پێوەست بەو بابەتە هەن، كاتێك توێژینەوەیەكی ساڵی رابردوو ئاماژەی كرد كە دەكرێ لە رێگەی شێوازێكی تەندروستیی ژیان بە ئاسانی خۆمان لە نزیكەی نیوەی حاڵەتەكانی خەڵەفان بپارێزین، لەوانە خواردنی هاوسەنگ و ئەنجامدانی وەرزش بە رێكوپێكی و خەوی باش و كەمكردنەوەی بێداری و دانیشتنی شەوانە، لەپاڵ وریابوون و ئاشكراكردنی زووی نیشانەكانی لەبیركردن.