بەپێی توێژینەوەیەكی نوێ كە بەمدواییە لە زانكۆیەكی ئوسترالی لەبارەی "پڕخە"ەوە كراوە، بەو ئەنجامە گەیشتوون كە پڕخە پێوەندیی بە چەندان نەخۆشی هەیە و زۆر گرنگە بۆ چارەسەركردنی فەرامۆش نەكرێت، چونكە ئەگەری هەیە بەرەو نەخۆشیی مەترسیدار بڕوات.
پێگەی "شەفەق نیوز" راپۆرتێكی لەوبارەیەوە بڵاو كردووەتەوە و رۆشنایی خستووەتە سەر توێژینەوەكە، تێیدا پسپۆرانی بواری تەندروستی و سەرپەرشتیارانی توێژینەوەكە ئاماژە دەدەن، پڕخە وریاییكردنەوەیە بۆ كێشەی تەندروستیی مەترسیدار، لەناویاندا بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن كە مەترسییەكەی كەمتر نییە لە شكستی دڵ و وەستانی مێشك.
باس لەوە دەكرێ كە بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن، ڤاكتەرێكی سەرەكییە بۆ نەخۆشییەكانی دڵ و جەڵتەی مێشك و شكستی گورچیلەكان، هەموو ئەوانە وا دەكەن پڕخەی شەوان و لە كاتی خەوتندا زیاتر بێت، بۆیە پسپۆران ئامۆژگاری دەكەن كە ئەگەر پڕخەی شەوان بەردەوام بوو، پێویستە سەردانی پزیشك بكرێ و چارەسەر بكرێت، یان بەهۆیەوە ئەگەر نەخۆشییەكی تر هەبێت، دەستنیشان بكرێ و چارەسەر بكرێت.
ئەو توێژینەوەیە لە زانكۆی ڤلیندرز لە ئوسترالیا كراوە و ئەوانەی پێی هەستاون، ئاماژە دەدەن كە زیاتر پیاوان تووشی پڕخە دەبن، ئەویش لە ناوەندی تەمەن، یان بەهۆی كێشی زۆر و قەڵەوی كە وا دەكات مرۆڤ تووشی كێشەی بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن بێت، هاوكات زۆرجاریش پڕخەی شەوان وەستانی هەناسەی بەدواوە دەبێت كە پێویستە بەخێرایی چارەسەری هۆكارەكەی بكرێت.
باستیان لیشات كە توێژەری سەرەكیی توێژینەوەكەیە گوتی، بەر لەهەر شتێك بەو ئەنجامە گەیشتووین كە پڕخە پێوەندییەكی بەهێزی بە بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن هەیە، جیالەوەی 15%ی بەشدارانی توێژینەوەكە كە پڕخەیان هەیە، پێوەندیی بە قەڵەوییەوە هەیە كە ئەویش هەر پێوەندیی بە پاڵەپەستۆی خوێن هەیە.
لیشات دووپاتی كردووەتەوە كە پڕخە حاڵەتێكی ئاسایی نییە، بەڵكو مەترسییە تەندروستییەكەی كەمتر نییە لە نەخۆشییەكانی تر، ئەگەری زۆر هەیە پڕخە نیشانەیەك بێت بۆ نەخۆشییەكانی دڵ و مێشك و پاڵەپەستۆی خوێن، بۆیە ناكرێ پڕخەی بەردەوام فەرامۆش بكرێت، لەو حاڵەتەدا پێویستە سەردانی پزیشك بكرێت.