بۆچی رێژەی مردنی پیاوان زیاترە؟

:: PM:07:45:05/05/2025 ‌

رەنگە بەهۆی رووداو و نەخۆشییەكانەوە مردن لە هەموو كەسێك نزیك بێت، بەڵام هەندێك شت هەن مرۆڤ لە مردن و لەناوچوون نزیكتر دەكەنەوە، وەك نەخۆشی و رووداو و شەڕ و هیتریش، بە گشتی هەندێك ژینگە هەیە مرۆڤ زیاتر لە مردن نزیك دەكاتەوە، توێژینەوەیەكی نوێ دەری دەخات كە پیاوان لە چەندان ناوچەی دنیا بە بەراورد بە ژنان رێژەی مردنیان زیاترە.

توێژینەوەكە باسی هۆكارەكەی دەكات و پێی وایە ژن و پیاو هەندێك جیاوازی لە ژیانیان هەیە، لەوانە لە رووی نەخۆشی و چارەسەركردنی نەخۆشییەكانەوە، پیاوان كەمتەرخەمترن و بەركەوتنی زیاتریان لە دەرەوە لەگەڵ هۆكارەكانی نەخۆشی هەیە، لەوكاتەی ژنان كەمتر بەركەوتەن و چاودێریی تەندروستیی باشتریان هەیە و زیاتر گرنگی بە تەندروستییان دەدەن.

بەپێی توێژینەوەكە ئەو بابەتە تەنیا پێوەست نییە بە جیاوازیی بایۆلۆجی لە نێوان هەردوو رەگەز، بگرە پێوەندی بە هۆكارە كۆمەڵایەتی و كولتوورییەكانەوە هەیە كە كار لە ئاكاری مرۆڤەكان دەكا لە گەڕان بەدوای چاودێریی تەندروستی و بەركەوتنی مەترسییەكانەوە.

لەو توێژینەوەی بە سەرۆكایەتیی ئەنجیلا چانگ لە زانكۆی باشووری دانیمارك ئەنجام درا، ئەوان سەرنجیان خستە سەر سێ نەخۆشی وەك هۆكار بۆ مردن، بەرزیی پەستانی خوێن و شەكرە و ئایدز، بەراوردی هەردوو رەگەزیان لە تووشبوون و وەرگرتنی چارەسەری كرد.

دەركەوت جیاوازییەكی گەورە لە نێوان هەردوولا لە رووی بەركەوتن و تووشبوون و دەستنیشانكردن و چارەسەری و مردن بەهۆیەوە هەیە، دەركەوت پیاوان لە تووشبوون بە بەرزیی پەستانی خوێن و شەكرە لەپێشەوەترن، بەڵام لە ئایدز ژنان لەپێشەوەن، بە گشتی مردن لە پیاوان زیاترە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل