ئاوسانی دەمارەكانی پێیەكان و كۆبوونەوەی خوێن تێیاندا، لە بواری پزیشكیدا بە "دەوالی" ناو دەبرێت كە نەخۆشییەكی تا ئاستێك باوە، كەم نین ئەوانەی تووشی ئەو نەخۆشییە دەبن كە پێوەندیی بە تەمەنەوە نییە و زۆرجار گەنجەكانیش تووشی دەبن. پێگەیەكی تەندروستی لەبارەی ئەو نەخۆشییە و هۆكار و جۆرەكانی و دواتریش چارەسەركردنی، زانیاریی بڵاو كردووەتەوە.
پێگەی "عەرەبیە" پشتی بە نووسینێك لەبارەی نەخۆشیی دەوالی بەستووە كە لە پێگەی "ویب تەندروستی" بڵاو كراوەتەوە، تێیدا بە وردی باس لەو نەخۆشییە دەكات كە هۆكار و جۆرەكانی و چارەسەركردنی دەخاتەڕوو. روونی دەكاتەوە كە نەخۆشییەكە بریتییە لە ئاوسانی دەمارەكانی پێیەكان كە لە ژێر پێستەوە بەروونی دەردەكەون، زۆرجار بە ئازارە و هاوكات كاریگەریی لەسەر جوانیی پێیەكان دەبێت.
لەبارەی هۆكارەكانی تووشبوون بەو نەخۆشییە، پێگەكە روونی دەكاتەوە كە هۆكارەكان زۆرن، لە سەرجەمیان دیارتر، وەستانە لەسەر پێیەكان بۆ ماوەیەكی درێژ، یان بۆ ماوەیەكی درێژ دانیشتن بەبێ جووڵە، هەروەها قەڵەوی و زیادبوونی كێش، لەگەڵیدا چوونە ناو تەمەنەوە هۆكارێكی ترە، جیا لە دووگیانی و بۆماوەیی دوو هۆكاری ترن بۆ تووشبوون بە دەوالی.
بۆ خۆپاراستن لەو نەخۆشییە یان رێگەگرتن لە گەشەكردنی ئاماژە بەوە دراوە، پزیشكان ئامۆژگاری دەكەن كە دوور بكەونەوە لە وەستان لەسەر پێیەكان و دانیشتن بۆ ماوەیەكی درێژ بەبێ جووڵە، جیالەوەی زۆر گرنگە بایەخ بە تەندروستیی گشتی بدرێت و رۆژانە راهێنانی وەرزشی فەرامۆش نەكرێت، بەتایبەتی رۆیشتن بە پێ كە كاریگەریی زۆری بۆ هاتوچۆی خوێن بە دەمارەكانی هەردوو پێیەكان هەیە.
لەبارەی چارەسەركردنی دەوالییە ئاساییەكان، باس لەوە كراوە كە ئەگەر دەوالییەكە زۆر گەشەی نەكردبێت، تووشبوو دەتوانێ گۆرەوی تەندروستیی لاستیكی و نەرم بەكار بێنێت تا دەوالییەكە گەشە نەكات. هەروەها تووشبوو گرنگە رۆژانە چەند جارێك پێیەكانی تا ئاستی كەمەر بەرز بكاتەوە، بۆ ئەوەی ئەو پاڵەپەستۆیەی لەسەر دەمارەكاندا هەیە كەمتر ببێتەوە.
لەبارەی دۆخی گەشەسەندووی دەوالی، دووپات لە بەركاهێنانی دەرزی كراوەتەوە یان چارەسەری لێزەر، لە هەندێك حاڵەتیشدا ئەگەر پێویستی كرد، پزیشك دەتوانێ بڕیاری نەشتەرگەری بۆ نەهێشتنی دەمارە تێكچووەكان بدات و نەخۆش لە نەخۆشییەكە رزگار بكات.
دواتریش ئاماژە دراوە كە راستە دەوالی ئازاری هەیە، بەڵام مەترسیی لەسەر ژیان نییە و بەپێی قۆناغەكانی نەخۆشییەكە، چارەسەر دەكرێت.