وەزارەتی تەندروستی: ژمارەی تووشبووانی تای خوێنبەربوون بەرزبوویەوە زۆرینەیان لە كەركووكن

:: AM:10:21:07/05/2025 ‌
وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕای گەیاند، ژمارەی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون بۆ 54 حاڵەت بەرز بووەتەوە، لەو ژمارەیەش هەشت تووشبوویان گیانیان لە دەست داوە كە چواریان لە كەركووك بوون.

د. سائیر حوسێن بەڕێوەبەری بەشی پەتاكان لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕای گەیاند، تا ئێستە 54 تووشبوو و هەشت حاڵەتی گیان لەدەستدان بەهۆی تای خوێنبەربوون لە سەرانسەری وڵاتدا تۆمار كراون، زۆرترین تووشبوو و مردنیش بەهۆی پەتاكە لە زیقار و كەركووكن كە بریتین لە 22 تووشبوو و چوار گیان لەدەستدان.

بەمەبەستی دابینكردنی پێداویستییە پزیشكییەكان، چارەسەری پێویست بۆ تووشبووان و لەناوبردنی هۆكارەكانی بڵاوبوونەوەی پەتاكە، لە دوێنێوە وەزارەتی تەندروستی عێراق بەهاوكاری ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی، ژوورێكی ئۆپراسیۆنی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تای خوێنبەربوون پێكهێناوە.

بەپێی راگەیەنراوەكەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، 17 حاڵەتی تووشبوون لە زیقار،  كەركووك پێنج حاڵەتی تووشبوون و چوار حاڵەتی مردن، موسەننا شەش حاڵەتی تووشبوون و دوو مردن، واست پێنج حاڵەتی تووشبوون و حاڵەتێكی مردن، دیالە دوو حاڵەتی تووشبوون و حاڵەتێكی مردن، نەینەوا سێ حاڵەتی تووشبوون، ئەنبار یەك حاڵەتی تووشبوون، هەولێر یەك حاڵەتی تووشبوون، بەسرە سێ تووشبوو، بەغدا سێ تووشبوو تۆمار كراون.



وشە - سۆران عەزیز