بۆ خۆشییەكانی ژیان.. راهێنان بە ئەقڵتان بكەن

:: AM:09:07:11/05/2025 ‌
زۆر توێژینەوەی زانستی دەروونی بۆ خۆشگوزەرانی و دڵخۆشی كراون كە بەپێی ژینگەی كەسەكان، جارێكی تر بەرمەجەی مێشك دەكرێت كە ئەویش پێوەست بە راهێنانی ئەقڵە. وەك چۆن جەستە رۆژانە پێویستی بە راهێنانە، ئەقڵیش بەهەمانشێوە ئەو راهێنانەی پێویستە كە ئەنجامەكەی خۆشگوزەرانی و دڵخۆشییە.

پێگەی "عەرەبیە" لەبارەی راهێنانی ئەقڵ بۆ دڵخۆشیی مرۆڤ، هەواڵەكەی لە بەشی تەندروستیی پێگەی "تایمز ئۆف ئیندیا" وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، چۆن جەستەی مرۆڤ رۆژانە پێویستی بە راهێنانە، بەهەمانشێوە ئەقڵ و سۆزەكانیشی پێویستە رۆژانە راهێنانی پێ بكرێت، ئەنجامەكەیشی دڵخۆشیی مرۆڤە، بۆ ئەوەیش پێگەكە بۆ ئەو راهێنانە ئاماژەی بە چەند خاڵێك كردووە كە گرنگە بایەخیان پێ بدرێت.

لە خاڵی یەكەمیدا ئاماژە بە ئاسوودەیی دراوە كە پسپۆرانی بواری زانستی دەروونی پێیان وایە، بەهێزترین خاڵی زانستی دەروونیی ئەرێنییە، بۆ ئەوەیش مرۆڤ دەتوانێ بە سەرنجدان بۆ سەر شتە بچووكەكانیش، خۆی ئاسوودە بكات كە ئەوە راهێنانێكی گرنگی ئەقڵە. لە توێژینەوەكاندا دەركەوتووە ئەوانەی رۆژانە سێ شت دەنووسن كە پێی ئاسوودە دەبن، بەهۆیەوە لە خەمۆكی دوور دەكەونەوە و دڵخۆش دەبن.

لە خاڵێكی تردا باس لە پاككردنەوەی مێشك بۆ نەهێشتنی شتە نەرێنییەكان كراوە، بۆ نموونە مێشكی مرۆڤ بە سروشتی خۆی وا دیزاین كراوە بەخێرایی هەڕەشەكان ئاشكرا دەكات، بەڵام بە هۆشیاریی رژدەوە دەتوانرێ لە هەڕەشەكان دوور بكەوێتەوە، بۆ ئەوەیش پێویستە ئاڵنگاریی شتە خراپەكان بكرێ و بگۆڕێ بۆ بیری هاوسەنگ و واقیعی كە مرۆڤ ئاسوودە دەكات، بۆ ئەوەیش دڵخۆشیی بۆ دەگەڕێتەوە.

لە خاڵی سێیەمدا ئاماژە بە گرنگیی بەسەربردنی كات لەناو سروشت دراوە كە زانایانی بواری دەروونی ئامۆژگاری دەكەن، رۆژانە ماوەی 20 خولەك لەناو ژینگەیەكی پاك كات بەسەر ببەن، بۆ ئەوە ئاستی كۆرتیزۆل كەمتر دەبێتەوە كە ئەو مادەیە بە هۆرمۆنی دڵەڕاوكێ ناو دەبرێت، بۆیە راهێنانێكی تری ئەقڵ پێوەستە بەسەربردنی كات لەناو ژینگەیەكی پاكدا، بۆ نموونە هاتوچۆ لەناو باخچە، یان دانیشتن لە پاڵ درەختێك یاخۆ رامان لەناو سروشت، هەموو ئەوانە وا دەكەن مرۆڤ ئاسوودە و دڵخۆش بێت.

خاڵێكی تری راهێنانی ئەقڵ، پێوەستە بە پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و تێكەڵبوون لەگەڵ كەسانی نزیك وەك هاوڕێ و خۆشەویست، ئەو تێكەڵبوونە وا دەكات مرۆڤ تا سەر ئاسوودە و دڵخۆش بێت، بۆیە توێژینەوە زانستە دەروونییەكان ئەوەیان ئاشكرا كردووە، پێوەندیی كۆمەڵایەتیی بەهێز، وا دەكات مرۆڤ لە دڵەڕاوكێ و خەمۆكی دوور بكەوێتەوە و هەمیشە دڵخۆش بێت.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د