راوتەری وای فای چۆن كار لە تەندروستی و نوستن دەكات؟

:: PM:07:07:13/05/2025 ‌

نوستن قۆناغێكی گرنگی ژیانی مرۆڤە، بۆیە شارەزایان دووپاتی دەكەنەوە كە پێویستە مرۆڤ شەوانە خەوێكی رێكوپێك و قووڵی هەبێت بۆ سوودبینین لەو قۆناغە گرنگە، رۆژنامەیەك باسی ئەوە دەكات كە راوتەری وای فای چۆن كار لە تەندروستیی مرۆڤ دەكات، بەتایبەتی شەوانە و لە كاتی نوستن.

رۆژنامەی "هیندۆسیان تایمز"ی هیندستانی ئاماژە دەكات كە ئامێری راوتەر تیشكی نائایۆنی بە لەرەلەرەی نزم، لە نێوان 2.4 و 5 گێگا هێرتز دەردەكات، ئەوەش بەپێی پێوەری زانستییەكان زیانی بۆ تەندروستی نییە، چونكە تا ئەمڕۆ بەڵگەكان ئەوەیان یەكلا نەكردووەتەوە كە بەركەوتنی رۆژانەی ئەو تیشكە گۆڕانكاریی دیاری فسیۆلۆجی لە لەشی مرۆڤ دروست دەكات.

د. هیران ریدی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناو چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانەی "گلین ئیگڵز" لە حەیدەر ئاباد ئاماژە دەكات، زۆرینەی كەسەكان تێبینی گۆڕانكاریی دیاری جەستەییان لە كاتی كوژاندنەوەی شەوانەی راوتەرەكان نەكردووە، لەگەڵ ئەوەی هەندێك كە بۆ بواری كارۆموگناتیسی هەستیارن، دەڵێن بەو كارە كەمتر تووشی سەرئێشە و كێشەی نوستن بوونە، ئەوە سەرەڕای نەبوونی بەڵگەی یەكلاكەرەوەی زانستی لەسەر ئەو كاریگەرییە.

لای خۆیەوە د. سودیر كۆمار راوێژكاری دەمار لە نەخۆشخانەی ئەپۆڵۆ پێی وایە ئەو تۆێژینەوانەی تا ئێستە هەن، ئاماژە بۆ بوونی كاریگەرییەكی راستەوخۆی راوتەر لەسەر بەرهەمهێنانی هۆرمۆنی میلاتۆنین ناكەن، كە بەرپەرسە لە رێكخستنی نوستن، بۆیە تیشكی شینی شاشەكان زیاترین كاریگەریی لەسەر شێوانی خەو هەیە نەك تیشكی راوتەر.

بەپێی راپۆرتەكە راگرتن و كوژاندنەوەی شەوانەی راوتەری وای فای، كاریگەرییەكی راستەوخۆی نەرێنی بۆ تەندروستی نییە، بەڵام رەنگە ناراستەوخۆ ببێتە هۆی باشكردنی شێوازی نوستن لە رێگەی كەمكتر بەكارهێنانی شەوانەی مۆبایل و كۆمپیۆتەر، ئەوەش بە شێوەیەكی ئەرێنی كار لە نوستن و تەندروستیی مرۆڤ دەكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل