بۆ ئەوەی دەمت هەمیشە بە پاكی بمێنێتەوە و دوور بێ لە ئازار، پزیشكان ئامۆژگاری دەكەن كە بایەخ بە تەندروستیی پووك و ددانەكان بدەن، ئەویش جیا لە پاكڕاگرتنی پووك و ددان لە رێگەی داوی پاككردنەوە و شوشتن بە بەردەوامی، هەندێك خۆراك هەن بۆ تەندروستیی پووك و ددان زۆر بەسوودن، گرنگە بایەخ بە خواردنیان بدرێت.
پێگەی ئەلیكترۆنیی رۆژنامەی "
شەرق ئەوسەت" راپۆرتێكی لەوبارەیەوە بڵاو كردووەتەوە كە پسپۆرانی بواری تەندروستی و بەتایبەتی ددان و پووك، زانیارییان لەوبارەیەوە خستووەتە روو. ئەوان جیالە پاكڕاگرتنی دەم و ددان و پووك لە رێگەی شوشتنیان، هاوكات باس لە چەند خۆراكێك دەكەن كە بۆ تەندروستیی پووك و ددان زۆر بەسوودن، لەناویاندا میوە و سەوزە گەڵادارەكان و هێلكە و گوێز و خۆراكە شیرەمەنییەكان.
بەرلە هەر شتێك پسپۆران باس لە خواردنی میوە بەتایبەتی لە بەیانیان دەكەن كە بۆ تەندروستیی پووك و ددان زۆر بەسوودە، دەڵێن میوەی نوێی وەك سێو و پرتەقاڵ بۆ پووك و ددانەكان زۆر بەسوودن كە دەوڵەمەندن بە ڤیتامین و ریشاڵەكان، بەتایبەتی لە بەیانیان كاریگەرییە ئەرێنییەكەی زیاتر دەردەكەوێت و هەمیشە پووك و ددان بە خاوێنی دەهێڵێتەوە.
هەروەها باس لە شۆفان دەكەن كە زۆر پێویستە لە ژەمی بەیانیان بخورێت، چونكە ئەویش دەوڵەمەندە بە ریشاڵ و رگەزە سەرەكییەكانی خۆراك كە بۆ پووك و ددان زۆر بەسوودن، جیالەوەی شۆفان رۆڵی كاریگەری هەیە بۆ ئەركی هەرس.
لەگەڵ ئەوانەیشدا رۆشنایی خراوەتە سەر هێلكە كە بۆ تەندروستیی گشتی و بەرگریی جەستە زۆر بەسوودە، بۆیە پسپۆران ئامۆژگاری دەكەن كە كارێكی باشە ئەگەر هەموو بەیانیان هێلكە بخۆن، بەتایبەتی بۆ پووك و ددانەكان زۆر بەسوودە.
بەدوایدا باس لە سەوزە گەڵادارەكان كراوە و لەناویندا ئاماژە بە سپێناخ كراوە، دەگوترێ گرنگە هەموو بەیانیان سپێناخ بخورێت، چونكە دەوڵەمەندە بە كالسیۆم و ڤیتامینەكان و رەگەزە خۆراكییە سەرەكییەكان، جیا لە سوودە گشتییەكانی، بەتایبەتی بۆ پووك و ددانەكان زۆر بەسوودە.
شیرەمەنییەكان خۆراكێكی تری بەسوودە بۆ پووك و ددانەكان، بەتایبەتی شیر و پەنیر و كەرە كە بە كالسیۆم دەوڵەمەندن، ئەوەیش زانراوە كە كالسیۆم بۆ ئێسك و پووك و ددان زۆر بەسوودە، بەشێوەیەكی گشتیش بۆ تەندروستیی دەم گرنگە.
دواتریش باس لە خواردنی گوێز و بادەم و گوڵەبەڕۆژە دەكرێت كە بە كالسیۆم و ڤیتامینی "دی" دەوڵەمەندن، ئەوەیش وا دەكات ئێسك و پووك و ددانەكان بپارێزرێن و لە تێكچوون و رزین دوور بكەونەوە.