ئەوانەی زۆر كار دەكەن وریا بن

:: PM:08:26:15/05/2025 ‌

رەنگە بەهۆی پێویستیی ژیان یان بووەتە خوو لای زۆر كەس كە خۆیان بە كاركردنی زۆر و بەردەوام سەرقاڵ دەكەن، بە شێوەیەك زۆرینەی سەعاتەكانی رۆژ و رەنگە شەویش لە كاركردن بەسەر ببەن، توێژینەوەیەكی نوێ دەری دەخات كە زیادەڕۆیی لە كاركردن بۆ زیاتر لە 52 سەعاتی هەفتانە، بە نەرێنی كار لە پێكهاتەی مێشك دەكات، بیرەوەریی لاواز دەكات و توانای چارەسەركردنی كێشەكانی كەم دەكاتەوە.

بەپێی توێژینەوەیەك دەركەوتووە كاركردنی زیاد لە پێویست دەبێتە هۆی گۆڕانكاری لەو بەشەی مێشك كە بەرپرسە لە بیركردنەوە و توانا كۆمەڵایەتییەكان و تەندروستیی دەروونی، بەتایبەتی لای ئەوانەی لە بواری تەندروستی كار دەكەن.

توێژەران پشتیان بە ئامێری ئێم ئار ئای بەست بۆ شیكردنەوەی مێشكی 110 فەرمانبەر، لەوانە 32یان بۆ چەندان سەعاتی دوورودرێژ و بە رێكوپێكی و بەردەوام كاریان كردووە، بە بەراورد بە 78 فەرمانبەر كە لە ماوەی سەعاتی ئاسایی كاریان كردووە، دەركەوت ئەوانە بۆ سەعاتی زیاتر كاریان كردووە، قەبارەی ناوچەیەكی مێشكیان كە بەرپرسە بە هۆشیاری و یادەوەری و چارەسەری زمان بە رێژەی 19% زیادی كردووە.

هەروەها گۆڕانكارییەكانی مێشكیان ناوچەكانی پێوەندیدار بە بڕیاردان و پلاندانان و رێكخستنی سۆزداری و تێگەیشتنی سۆزداری گرتووەتەوە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەگەری بوونی كاریگەریی درێژخایەن لەسەر درككردن و سەقامگیریی سۆزداریان، توێژەرانی زانكۆی یونسی لە كۆریای باشوور دووپاتیان كردەوە ئەو ئەنجامانە بەڵگەیەكی سەرەتایین لەسەر بوونی پێوەندی لە نێوان سەعاتی زیاتری كاركردن و گۆڕانكاری لە مێشك، بۆیە داوای سنووردانانیان بۆ زیادەڕۆیی لە كاركردن كرد.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل