نیشانەكانی بەكتریای گەدە چین؟

:: AM:09:01:17/05/2025 ‌
بەكتریای گەدە یەكێكە لەو نەخۆشییانەی زۆر كەس تووشی بوون بەهۆی خواردنی پیس و چەندان هۆكاری ترەوە كە كۆمەڵێك نیشانەی بێزاركەری هەیە، لە ناو كوردیشدا وەك دەگوترێ نەخۆشییەكی بەربڵاوە.

د. كامەران رەسووڵ ژاژڵەیی پسپۆڕی زانستی خۆراك، لە بڵاوكراوەیەكیدا ئاماژەی بە گرنگترین نیشانەكانی بەكتریای گەدە كردووە، بەم شێوەیە:

1. هێڵنجدانێكی زۆر و دڵ تێكهەڵهاتنی بەردەوام.

2.ئازارێكی زۆری ناوسك بە تایبەت ئازاری گەدە.

3. دڵەكزی و ترشەڵۆكی زۆر و گەڕانەوەی ترشەڵۆكی گەدە بۆ سورێنچك و قوڕگ و تەنانەت بۆ ناو دەمیش.

4. نەمانی ئیشتیها یا كەمی ئیشتیها.

5.دابەزینی كێش و لاوازی.

6.هەوكردنی گەدە و ڕیخۆڵەی دوانزەگرێ و سكچوون و ڕشانەوە.

7.ئاوسانی سك بەتایبەت داوی خواردن و زیادبوونی غازات.

8.زەردهەڵگرانی پێست و دەم و چاو یا سپیبوون یا كورد گوتەنی ڕەنگم پێوە نەماوە.

- لە قۆناغە پێشكەوتووەكانی نەخۆشییەكە ڕەنگە ئەم نیشانانە دەركەون:

1.كەمخوێنی زۆر.

2.بە زەحمەت قوتدانی خواردن و خواردنەوە.

3.بوونی خوێن لە پیسایی یا ڕەشبوونی ڕەنگی پیسایی.

4.تەنگەنەفەسی و زوو ماندووبوون.

5.بەدخۆراكی و كەمیی ڤیتامین و كانزاكان.

6.ئازاری ناو سكی بەردەوام و هەندێ جار ئازاری سنگ.

7. گێژبوون و سەرسوڕهەڵاتن و بووژانەوە.

گرنگیدان بە پاك و خاوێنی ئاو و خۆراك، هەروەها شوشتنی دەست بەتایبەتی پێش نانخواردن، دووركەوتنەوە لەو شوێن و خواردنانەی كە مەرجی تەندروستییان تێدا نییە. 

ئەو خواردن و خواردنەوانەی كە باشترە لێی دوور بكەونەوە، بریتین لە خواردنەوە كحوولییەكان، خواردنە ترشەكان ئەسیدییەكان وەك تەماتە، خواردنەوەی قاوە، میوە ترشەكان، خواردنی چەور، خواردنەوە گازییەكان كاربۆنییەكان و توون.

لە توێژینەوەیەكی بەشی پزیشكی زانكۆی سەڵاحەدین دەركەوتووە كە 66٪ ئەوانەی بەشداری توێژینەوەكەیان كردووە بەكتریای گەدەیان ھەبووە، ھەروەھا بەپێی ئاماری نەخۆشخانەی ھیوا دوای پشكنین بۆ ئەو نەخۆشانەی كە تووشبووی شێرپەنجەی گەدەن، دەركەوتووە كە نزیكەی 56٪ بەكتریای گەدەیان ھەبووە، بۆیە پزیشكە پسپۆڕە گشتییەكە ھۆشداری دەداتە ئەو كەسانەی كە بەكتریای گەدەیان ھەیە كە چارەسەرییەكان وەربگرن، لەبەرئەوەی ئەگەر چارەسەر وەرنەگرێت، ئەو بەكتریایە كاریگەری لەسەر خانەكان دەبێت و تووشی ھەوكردن و دواتریش تووشی شێرپەنجەی دەكات.



وشە - سۆران عەزیز