دیاردەی مێشكی بەتاڵ چییە؟

:: PM:09:19:17/05/2025 ‌

هەندێك جار لە گەرمەی چالاكی رۆژانەتدا رەنگە بۆ چەند ساتێك هەست بەوە بكەیت مێشكت وەستاوە یان بەتاڵ بووە، بەتایبەتی لە كاتی قسەكردن یان لە كاتی تاقیكردنەوەكاندا، وەك زانایان دەڵێن ئەو حاڵەتە هەڕەمەكی یان پەرتەوازەبوونی بیركردنەوە نییە، بگرە دیاردەیەكی زانستییە.

بەپێی توێژینەوەیەك ئەو بۆشاییەی مێشكییە یان ئەوەی لە رووی زانستییەوە بە مێشكی بەتاڵ ناسراوە، حاڵەتێكە ئەوكاتە روودەدات كە مێشك دەچێتە ناو حاڵەتێكی هاوشێوەی ریستارت یان دووبارەبەگەڕخستنەوە.

تۆماس ئاندریۆن و ئەسینا دیمیرتزی دوو توێژەرن دووپاتی دەكەنەوە كە دیاردەی مێشكی بەتاڵ تەنیا نەمانی بیرۆكە و بیركردنەوە نییە، بگرە حاڵەتێكی هەستكردنە بێ ئەوەی هیچ شتێك هەبێت، واتە بێ ناوەڕۆك، توێژینەوەكە دەری دەخات كە كەسەكان 5% یان 20%ی كاتەكان بەو حاڵەتەدا تێپەڕ دەبن، لەسەر بنەمای دۆخی دەوروبەریان.

بابەتەكەش تەنیا پێوەست نییە بە لەدەستدانی سەرنجدان و شەكەتییەوە، بگرە لە چالاكیی راستەقینەی دەمارەكان هاوكاتە لەگەڵ كەمبوونەوەی تێكڕای لێدانی دڵ و بچووكبوونەوەی بیلبیلەی چاو، لەوكاتەی مێشك شەپۆلی هێواشی هاوشێوەی كاتی نوستن دەردەكات.  

بەپێی توێژینەوەكە ئەو حاڵەتە لە ئەنجامی دابەزینی ئاستی ئاگەداركردنەوەی مێشك دروست دەبێت، یان ورووژاندنی، ئەوەش رێگە بە هەندێك بەشی مێشك دەدات بۆ چوونە ناو حاڵەتی نوستنێكی ناوخۆیی، لەوكاتەی بەشەكانی تری چالاكن، ئەوەش مانای ئەوەیە تۆ ئاگەداریت، بەڵام بێ هیچ جۆرە بیرۆكە و بیركردنەوەیەك یان وێنەیەكی روونی مێشك، واتە ئاگەداربوون هەمووكات مانای بیركردنەوە نییە، بگرە رەنگە تەنیا هەستكردن بە بۆشایی بێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل