خەڵكێكی زۆر كێشەیان لەگەڵ خەوتن هەیە، جیا لە دڵەڕاوكێ كە گاریگەریی لەسەر خەوتنی ئاسوودە هەیە و دەبێتە هۆی خەوزڕان، بەڵام وەك پسپۆرانی بواری تەندروستی دووپاتی لێ دەكەنەوە، كەشی گەرمای ئەو ژوورەی كەسەكە تێیدا دەخەوێت، كاریگەریی رژدی لەسەر خەوتنی ئاسوودە دەبێت.
پێگەی "عەرەبیە" زانیارییەكانی فابیان سۆڤیە توێژەر لە زانكۆی پاریس سیتیی بڵاو كردووەتەوە لەبارەی كێشەی خەوتن و هۆكارەكانی و دەڵێت، گۆڕانی كەشوهەوا كاریگەریی نەرێنیی تەواوی خستووەتە سەر خەوتن، بەڵام زانست چارەسەری بۆ ئەوەیش دۆزیوەتەوە، ئەویش دروستكردنی ئەو كەشەی بۆ خەوتن لە ژووری نوستن زۆر گرنگ و پێویستە.
ئەو توێژەرە ئاماژە بە توێژینەوەیەك دەكات كە لە ساڵی 2024 لەبارەی خەوتن و كێشەكانی كراوە و بۆ ئاژانسی "فرانس پرێس" دەڵێت، كەشی گەرمای ناو ژوورەكە، كێشە بۆ خەوتن دروست دەكات. توێژینەوەیەكی تریش كە لە 2022دا كراوە، ئاماژە بەوە دەدات كە لە دوو دەیەی رابردوودا مرۆڤ بە رێژەیی، ساڵانە 44 سەعاتی خەوتنی لە دەست داوە، ئەوەیش هەر بەهۆی كەشوهەوا و گۆڕانكارییەكانی بووە.
هەمان توێژینەوە كە كیلتن ماینۆر لە زانكۆی كۆپنهاگن بەڕێوەی بردووە، پێی وایە تا ساڵی 2099، مرۆڤ ساڵانە 50 تا 58 سەعاتی خەوتن لە دەست دەدات. دووپات دەكاتەوە كە كاركردنی مێشكی مرۆڤ پێوەستە بە كەشی گەرماوە، ئەوەیە وا دەكات كاریگەریی گەرما بكەوێتە سەر شانەكانی مێشك و لەوێوە رێكخستنی خەوتن تێكبدات.
ئەو توێژەرە بۆ خەوی ئاسوودە ئامۆژگاری دەكات و دەڵێت، هەرچی پێتان دەكرێ پلەی گەرمی لە ژووری نوستن بەرز نەبێت و هەروەها بایەخ بە هەواگۆڕكێ بدەن، بە جۆریك پلەی گەرمی لە ژوورەكە 24 تا 28 بێت، بەو مەرجەی جلی تەنك بپۆشن و هاوكات پێخەوی تەنك بۆ خۆداپۆشین بەكار بێنن.
دواتریش دەڵێت بۆ ئەوەی خەوتان ئاسوودە بێت، باشترین شت ئەوەیە بەر لەوەی بخەون، لە گەرماو بە ئاوی سارد خۆتان بشۆن، هەروەها لە كهوول و لەو مادانەی خەو دەزڕێنن دوور بكەونەوە، بەتایبەتی ئەو خواردنەوانەی كافاینی زۆریان تێدایە. بێگومان بن لەوەی خەوێكی ئاسوودەتان دەبێت.