لە نەشتەرگەرییەكی دەگمەندا.. بۆ یەكەم جار لە دنیادا میزڵدان بۆ نەخۆشێك دەچێنرێت

:: AM:09:19:20/05/2025 ‌
دوای ئەوەی نەخۆشێك لە ئەمەریكا تووشی نەخۆشیی شێرپەنجەی میزڵدان بوو و هاوكات هەردوو گورچیلەیشی لەكار وەستابوون، تیمێكی پزیشكیی لە نەشتەرگەرییەكی دەگمەندا، بۆ یەكەم جار لە دنیادا میزڵدان و لەگەڵیدا گورچیلە بۆ نەخۆشەكە دەچێنن، نەشتەرگەرییەكەیش سەركەتوو بووە. 

پێگەی "شەفەق نیوز" بەپێی میدیاكانی ئەو وڵاتە، رۆشنایی خستووەتە سەر گوتەی پزیشكان كە بەشدارییان لە نەشتەرگەرییەكەدا كردووە و ئاماژەی داوە، بۆ یەكەمین جارە نەشتەرگەریی چاندنی میزڵدان بۆ نەخۆشێك بەناوی "ئۆسكار لارینزار /41 ساڵ/" بكرێت، چونكە هەردوو گورچیلەیشی لەكار كەوتبوون، بۆیە وێڕای میزڵدانەكەی، هاوكات گورچیلەیشی بۆ چێنرا.

ئەو نەشتەرگەرییە لەلایەن تیمێكی پزیشكیی نەشتەركار ئەنجام دراوە و ئیندربیر جێڵ كە سەرپەرشتیاری نەشتەرگەرییەكە بووە، دووپاتی كردووەتەوە كە بەرلە چاندنی میزڵدانەكە، گورچیلەی بۆ چێنرا و دواتر میزڵدان بۆ نەخۆشەكە چێنراوە كە میزڵدانی تووشی شێرپەنجە بوو. ئاماژەی دا كە میزڵدانی زۆر بچووك بووبوو و نەیدەتوانی ئەركی خۆی جێبەجێ بكات، بۆیە هەر دەبوو نەشتەرگەرییە ئەنجام بدرێت، چونكە ژیانی لە مەترسیدا بوو.

ئەو پزیشكە زیاتر گوتوویەتی كە هەردوو گورچیلەی لەكار وەستابوون و بەرلە چاندنی میزڵدان، گورچیلەی بۆ چێنرا و دواتر نەشتەرگەریی بۆ میزڵدانی كرا و چێنرا. ماوەی نەشتەرگەرییەكە هەشت سەعاتی پێ چوو و ئێستە ئەو نەخۆشە كێشەی نەماوە و نەشتەرگەرییەكە بە سەركەوتووی ئەنجام درا.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د