ئامۆژگاریی تەندروستی.. "سەما" بەشێكە لە چارەسەری نەخۆشییە دەروونییەكان

:: AM:09:02:24/05/2025 ‌
پسپۆرێكی تەندروستیی وەرزشی رای گەیاند، سەماكردن تەنیا جووڵەیەك نییە بۆ خۆشی و كات بەسەربردن، بەڵكو بەپێی توێژینەوە تەندروستییەكان، سەما بەشێكە لە چارەسەری نەخۆشییە دەروونییە مەترسیدارەكان، بۆیە سەما سوودی زۆری بۆ مرۆڤ هەیە.

پێگەی "شەفەق نیوز" لێدوانی ماریا تیخۆمیرۆڤای بۆ میدیاكان بڵاو كردووەتەوە كە پسپۆری تەندروستیی وەرزشییە و باس لەوە دەكات، سەماكردن بۆ مرۆڤ سوودەكانی تەنیا خۆی خۆشڕابوێری و بەسەربردنی كات نابینێتەوە، بەڵكو بەپێی توێژینەوە تەندروستییەكان، سوودەكانی سەماكردن بۆ ئەوانەی تووشی نەخۆشییە دەروونییەكان و گۆشەگیری دەبن، زۆر زیاترە. بۆیە ئامۆژگاری دەكات كە سەما فەرامۆش نەكەن و بایەخی زیاتری پێ بدەن.

ئەو پزیشكە زیاتر دەڵێت، سەماكردن باگڕاوندی سۆزداریی بۆ مرۆڤ هەیە و هەستە خۆشییەكانی تێكەڵ بە خۆشیی بەرانبەرەكانی دەبێت، بۆیە تەنیا بۆ خۆشی نییە، بەڵكو دڵەڕاوكێ ناهێڵێت و لەڕووی دەروونییەوە مرۆڤ ئاسوودە دەكات. بۆیە دەتوانرێ سەماكردن بكرێتە بەشێك لە چارەسەر بۆ چەندان نەخۆشیی مەترسیدار.

روونی كردەوە كە جووڵەكانی سەما زۆر بەسوودە و لە نەخۆشییەكانی خڵەفان و زەهایمەر و نەخۆشیی باركنسۆن و گۆشەگیری دوورتان دەخاتەوە. هاوكات دەتوانرێ بكرێتە ناو میتۆدی چارەسەر بۆ ئەوانەی تووشی شێرپەنجە دەبن و سوودی لێ ببینرێت. هەروەها مرۆڤ لە سەماكردندا هەست بە هاوسەنگیی جەستەی دەكات. لەڕووی فسیۆلۆجییەوە هۆڕمۆنەكانی دڵخۆشی بەرهەم دێنێت وەك ئیندۆرڤین و سیرۆتونین.

هەروەها ماریا تیخۆمیرۆڤا لەبارەی سەماكردنەوە جیا لە سوودەكانی بۆ نەخۆشییە دەروونییەكان، لەگەڵیدا جووڵەكانی سەما رۆڵی زۆر گرنگیان هەیە بۆ دڵ و دەمارە خوێنییەكان، بۆیە وا دەكات ئەركی دڵ باشتر بەڕێوە بچێت و ئۆكسجین باشتر بگاتەوە شەنەكانی تەواوی جەستە.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د