گورچیلەكان دوو ئەندامی گرنگی لەشن، بە لەكاركەوتنیان مرۆڤ دەكەوێتە مەترسیی لەناوچوون، ئەوان تووشی چەند كێشەیەك دەبنەوە لەوانە هەوكردن و دروستبوونی بەرد و لاوازبوون و لەكاركەوتن، رەنگە مرۆڤ هەست بە بوونی كێشە لە گورچیلەكانی نەكات، بەڵام جیا لە ئازار و شەكەتی، چەند نیشانەیەكی تری هەیە وەك ئەوەی لە پێیەكان بەدیار دەكەوێت.
وەك ماڵپەڕی
"تایمز ئۆف ئیندیا" باسی دەكات، پێنج نیشانە لە پێیەكان هەن رەنگە ببنە ئاماژە بۆ بوونی كێشە لە گورچیلەكان و پێویست بە سەرانیكردنی پزیشك بكات، لەوانە:
*ئاوسانی پێی و پاژنە، واتە ئاوسانێكی سووك و دووبارە بەتایبەتی ئێواران، ئاماژەیەكە بۆ قەتیسبوونی ئاو و شلەكان لە پێیەكان بەهۆی بێتوانای گورچیلەكان لە كردنەدەرەوەی ئاوی زیاد.
*خورانێكی بی هۆكار لە قاچەكان، واتە هەستكردنی بەردەوام بە خوران تەنانەت بێ بوونی پەڵە و وشكهەڵگەڕان، رەنگە بەهۆی كۆبوونەوەی پاشەڕۆكان لە خوێن بەهۆی كێشە لە كاری گورچیلەكان بێت.
*گرژبوونی ماسولكەكان لە كاتی حەسانەوە و نوستن، لەكاتی بوونی كێشە لە گورچیلەكان پێیەكان تووشی گرژبوونی ماسولكەیی كتوپڕ دەبن، بەتایبەتی شەوانە.
*گۆڕانی رەنگی پێستی پێیەكان، رەنگیان بەرەو كاڵبوون دەچێت لەگەڵ بوونی پەڵەی تاریك لەسەر پەنجەكان بێ هۆكارێكی دیار، ئەوەش بەهۆی كەمیی گەیشتنی خوێن بەهۆی بوونی كێشە لە فەرمانی گورچیلەكان.
*مێروولەكردنی پێ، ئەوەش بەهۆی تێكچوونی هەستەدەماری پەلەكان بەهۆی كەڵەكەبوونی پاشەڕۆ لە خوێن.