پێوەندیی رووخساری پیاو و وەچەخستنەوەی كوڕ چییە؟

:: PM:08:39:26/05/2025 ‌

لە رووی زانستییەوە رەگەزی كۆرپەلە پێوەندیی بە كرۆمۆسۆمەكانەوە هەیە كە لە دایك و باوك دێت، هەرچی رەگەزی نێرە زیاتر پێوەستە بە پیاوەوە، توێژەران لە زانكۆیەكی ئەمەریكی گەیشتنە ئەو ئەنجامەی رەنگە رووخساری پیاو نیشانە و بەڵگەیەك بێت لەسەر رەگەزی یەكەم منداڵ.

توێژەران لە زانكۆی میشیگان لە ئەمەریكا گەیشتنە ئەنجامی بوونی پێوەندی لە نێوان رووخساری دەموچاوی پیاو و ئەگەری وەچەخستنەوەی نێرینە لەیەكەم منداڵدا، ئەنجامەكان دەریانخست ئەو باوكانەی شەویلاكێكی فرەوان و پان و ئێسكی دەرپەڕیو و دیاری روومەت و برۆی چڕیان هەیە زیاتر بەرەو ئەوە دەچن یەكەم منداڵیان كوڕ بێت، چونكە ئەو نیشانانە ئاماژە بۆ ئاستێكی بەرزی هۆرمۆنی تستۆستیرۆن دەكەن كە رۆڵی لە پەرەسەندنی ئاكاری نێرینەدا هەیە.

هەروەها توێژینەوەكە دەری خستووە كە ژنان لە قۆناغی دروستكردنی هێلكۆكە ئەو جۆرە رووخسارە سەرنجیان رادەكێشێت و بەوەش ئەگەری دروستبوونی كۆرپەلەی نێرە زیاتر دەبێت، سەرەڕای ئەو ئەنجامانە توێژەران دەڵێن ئەو ئەنجامانە كۆتایی نین و چەند هۆكارێكی تری بایۆلۆجی و دەروونی هەن، ئەوانیش لە دیاریكردنی رەگەزی كۆرپەلە كاریگەرن. 

بەگشتی ئەنجامی توێژینەوەكە دەری خست كە زیادبوونی دەموچاو و رووخساری باڵادەستیی پیاو پێوەندی بە زیادبوونی ئەگەری بوونی كۆرپەلەیەكی كوڕ بە رێژەی 83% هەیە، ئەوە بێ رەچاوكردنی هۆكاری تر وەك سەرنجراكێشیی پیاو و تەمەنی. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل