كێشەكانی شەپۆلی گەرما بۆ تەندروستی چییە و چۆن خۆمانی لێ بپارێزین؟

:: PM:03:29:27/05/2025 ‌
گۆڕانی كەشوهەوا تەواوی دنیای گرتووەتەوە و ئێستەیش كە بەرەو وەرزی هاوین دەچین، كەشی گەرما كێشەیەكی رژدی تەندروستیی مرۆڤە و ئەگەر مرۆڤ پارێزگاری لە تەندروستی خۆی بەهۆی گەماوە نەكان، تووشی دۆخی مەترسیداری تەندروستی دەبێتەوە.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ سێشەم 27ی ئایار، هەواڵێكی لەبارەی كێشەی كەشی گەرمای هاوین بڵاو كردووەتەوە و بەپێی گوتەی پسپۆرانی تەندروستی كە قسەیان بۆ پێگەكە كردووە، ئاماژەیان بەوە داوە كە زۆرجار لە وەرزی هاویندا، شەپۆلی گەرمای رژد روو لە ناوچەكە دەكات و ئەگەر وریای تەندروستیی خۆتان نەبن، تووشی دۆخی مەترسیدار دەبنەوە، بەتایبەتی كەسانی بەساڵاچوو و منداڵ و كۆرپەڵە مەترسیی زیاتریان لەسەر دەبێت.

باس لەوە دەكەن كە گەرما بۆ جەستە، كاریگەریی لەسەر دەمارە خوێنییەكان دەبێت، هەروەها مرۆڤ تووشی نزمبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن دەبێت، ئەویش وا دەكات دڵ زیاتر لە ئەركی خۆی بەكار بێنێت بۆ گەیاندنی خوێن بۆ ئەندامانی جەستە، زۆر كاتیش مرۆڤ پێیەكانی دەئاوسێت. كاتێكیش مرۆگ بەهۆی گەرماوە تووشی ئارەقكردن دەبێت، شلەمەنی و خوێ لە جەستەی كەم دەبێتەوە و هاوسەنگی جەستە تێكدەدات.

لەبارەی ئەو حاڵەتانەی لەڕووی تەندروستییەوە بەهۆی گەرما و شەپۆلەكەیەوە تووشی مرۆڤ دەبن، ئاماژە بە سەرسوڕاندن، بوورانەوە، ئازاری ماسولكەكان، ئارەقكردن، سەرئێشە، ماندویی و  تێكچوونی پێست كراوە كە هەموو ئەوانە بەهۆی گەرماوە مرۆڤ تووشی نەخۆشی دەكەن.

هاوكات باس لەوە دەكەن كە زۆرجار شەپۆلی گەرما روو لە ناوچەكە دەكات، گەركایەكەی لە ئاستێكدایە ئەگەر مرۆڤ خۆی نەپارێزێت، ئەگەری هەیە تووشی جەڵتەی دڵ و مێشك ببێت، بۆیە مەترسییەكەی گەرما زۆر رژدە و ناكرێ وەك حاڵەتێكی ئاسایی وەربگیرێت.

پسپۆرانی تەندروستی باس لەوە دەكەن كە بۆ خۆپاراستن لە شەپۆلی گەرما، جلوبەگی تەند بەكار بهێنرێت، ئەوەی پێتان دەكرێ لە تیشكی خۆر دوور بكەونەوە و لە شوێنی فێنكتر كات بەسەر ببەن، هاوكات كاتێك بچۆرە دەرەوە كە بەیانی زوو یان ئێوارە و شەو بێت كە ئەوكاتانە پلەكانی گەرما نزمتر دەبنەوە.

هەروەها دەڵێن هەرچی پێتان دەكرێ لە شەپۆلی گەرمادا ئاو و شلەمەنی بخۆنەوە و مادەی كحوولیش نەخۆنەوە. هەوڵ بدەن بۆ كاریش شوێنەكانتان سێبەر بێت، ئەگەر هەر ناچاریش بوون و كارەكانتان لە سێبەر نەبوو، كڵاو و شەبقە بەكار بێنن تا گەرما كاریگەریی لەسەر مێشكتان نەبێت كە زۆرجار ئەو گەرمایە كاریگەریی لەسەر مێشك و جەڵتە دەبێت.

پسپۆران ئامۆژگاری دەكەن كە هەرچی پێتان دەكرێ كەسانی بەساڵاچوو و منداڵ و كۆرپەڵە و تەنانەت ئاژەڵە ماڵییەكان، لەناو ماڵ بە تەنیا بەجێ مەهێڵن، نەك كەشی گەرما تووشی حاڵەتی لە ناكاویان بكات تا بتوانن فریایان بكەون.

دواتریش پێگەكە ئاماژەی بەوە داوە كە ساڵانە لە ئەمەریكا بەهۆی گەرماوە، بەلای كەمەوە 700 كەس گیان لە دەست دەدەن. ئەوەیش بەپێی سەنتەری كۆنترۆڵی نەخۆشییەكان- ئەمەریكی. زۆربەی حاڵەتەكانی مردن، هۆكارەكەی جەڵتەی دڵ و مێشكە كە بەهۆی شەپۆلی گەرماوە تووش دەبن.
 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د