تا دێت مەترسیی خەڵەفان و ئەلزەهایمەر لەسەر مرۆڤ زیاتر دەبێت، پێشتر ئەگەری تووشبوونی مرۆڤ بەو حاڵەتانە كەمتر بوو و دوای تەمەنێكی زیاتر بەدەر دەكەوتن، بەڵام ئێستە خەریكە ژمارەی تووشبوون و كاتی تووشبوون زیاتر و خێراتر دەبێت، هاوكات راپۆرتەكان باسی مەترسییەكانی زۆر دانیشتن و خامۆشی و كەمجووڵانەوە دەكەن، توێژینەوەیەكی نوێ هەردوو حاڵەت بە یەكتر دەبەستێتەوە.
توێژینەوەیەكی نوێی زانستی باسی زیانێكی تری كەمجووڵانەوە و زۆر دانیشتن لەسەر هۆش و مێشك و ئاكاری مرۆڤ دەكات، دەركەوت دانیشتن بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ دەبێتە هۆی پووكانەوە و بچووكبوونەوەی قەبارەی مێشك، تەنانەت لە حاڵەتی ئەنجامدانی وەرزش بۆ ماوەی دیاریكراو.
دەركەوتووە ئەو كەسانەی ماوەیەكی زۆر دادەنیشن زیاتر تووشی شێوانی مێشك و كەمبوونەوەی هۆشیاری دەبنەوە، تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەی 150 خولەكی هەفتانە وەرزش بكەن، توێژینەوەكە زیاتر لە 400 كەسی پێگەیشتووی تەمەن لە 50 ساڵ و زیاتر گرتەوە، داوایان لێ كرا هەفتەیەك ئامێری پێوانی چالاكیی جەستەیی ببەستن بۆ پێوانی چالاكییان لەو ماوەیە و ئەنجامدانی ژمارەیەك تاقیكردنەوەی دەروونی و هەستە دەماری و گرتنی تیشكی مێشكیان لە ماوەی حەوت ساڵدا.
دەركەوت ئەو كەسانەی ژیانێكی كەمجووڵانەوەیان هەبووە زیاتر تووشی پووكانەوە و بچووكبوونەوەی قەبارەی مێشك و هۆشیاری و توانای بیرهاتنەوە و گەڕاندنەوەی زانیاری بوونەتەوە، ئەو حاڵەتانە زیاتر لەوانە دەركەوتووە كە زیاتر دانیشتوون، ئەگەرچی 87%یان راهێنانی وەرزشیان دەكرد.
سەرۆكی تیمی توێژینەوەكە لە زانكۆی ڤاندەربیڵتی ئەمەریكی روونی كردەوە، ئەو توێژینەوە دووپاتی دەكاتەوە كە كەمكردنەوەی ماوەی دانیشتن، رەنگە ئامرازێك بێت بۆ رێگرتن لە تێكچوونی مێشك و فەرمانەكانی مێشك، بەتایبەتی هۆشیاری و ناسینەوە و هێنانەوەی زانیارییەكان.