چۆن دەزانی كێشەی دەروونیت هەیە؟

:: PM:09:59:27/05/2025 ‌

لەناو دنیایەكی پڕ لە سەرقاڵی و كێشە و بەربەرەكانی و كار و بەرپرسیارەتیی ژیان و خێزان و جەنجاڵی، رەنگە مرۆڤ بكەوێتە ناو دەریایەك بیركردنەوە و پێویستی و نەتوانێت وەك پێویست مەلە بكات و بەرپرسیارەتییەكانی جێبەجێ بكات، بۆیە تووشی چەند كێشەیەك دێتەوە، لەوانە دەروونی، كە خۆی لە خەمۆكی و رارایی درێژخایەن دەبینێتەوە، بەڵام چۆن دەزانیت حاڵەتەكە كاتی و ئاساییە یان درێژخایەن و كێشەی دەروونی؟ 

ئەگەرچی ئەو بابەتە ئاسان نییە، بەڵام هەندێك ئاماژەی دیاریكراو هەن یارمەتی مرۆڤ دەدەن بۆ ئەوەی بزانێت كە حاڵەتەكەی گەیشتووەتە ئاستی كێشەی دەروونی و پێویست بەوە دەكات سەردانی پسپۆڕانی دەروونی و پزیشك بكات لەوانە:

*بیرۆكەی خراپ لەبارەی خودی كەسەكە، ئەو كەسەی بە دەست خەمۆكی و راراییەوە دەناڵێنێت، بیرۆكەی ناخۆش و رقاوەی پێوەست بە ئەزموونی خراپی پێشووی لا دروست دەبێت، ئەو خۆی خەتابار دەكات تەنانەت لەو حاڵەتانەی كە بەرپرسیار نییە لەوەی روو دەدات.

*بیرۆكەی مەترسیدار، رەنگە مرۆڤ بە لێشاوێكی هەستی شێواودا تێپەڕ ببێت، لە ئەنجامی بیركردنەوە بە شتێكی دیاریكراو تووشی سەرسووڕان و هێڵنجهاتنەوە بێت، ئەو هەستەش پێوەستە بە هەستی رارایی و خەمۆكییەوە و بە شێوەی نۆرەی ترس و تۆقین بەدیار دەكەوێت و وا دەكات ئەو كەسە زۆر هەستیار بێت. 

*بیرۆكەی تەواو نەرێنی، رەنگە زۆر حاڵەت و دۆخ وامان لێ بكات بەرانبەر بە خۆمان هەست بە خراپی بكەین، ئەو هەستە بە شێوەی بیرۆكەی توندڕۆ بەرجەستە دەبێت و رەنگە وا بكات كەسەكە بیرۆكەیەكی نەرێنی لەسەر ژیانی خۆی لا دروست بێت، زۆرجار وا دەكات لەسەر ئاستێكی درێژخایەن خواستی رووبەڕووبوونەوەی ژیانی نەمێنێت.

*لەدەستدانی گرنگیدان، رارایی تەنیا زیادەڕۆیی نییە بۆ هەستكردن، بگرە هەندێك جار پێوەستە بە بێتوانایی لە پاراستنی پاڵنەر بۆ هەستكردن بەو شتانەی پێشتر خۆشمان دەویستن، هەندێك جار بەهۆی زۆر بیركردنەوە تووشی شەكەتی دەبین، ئەوەش رێگری لە مێشك دەكات بۆ هەستكردن كە كاریگەرییەكی باش و حەسانەوەی هەبێت، وا دەكات گرنگیدان بە شتەكانی پێشتر حەزمان پێی هەبوو نەمێنێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل