تا چەند مریشكی بەستوو بۆ خواردن سەلامەتە؟

:: PM:11:05:02/06/2025 ‌

كەسانێك هەن حەز بە خواردنی مریشكی بەستوو دەكەن، هەشە بەهۆی هەرزانیی نرخەكەی و نەبوونی بۆن و ئاسانیی ئامادەكردنی دەیخوات، بە گشتی تۆ ئەگەر لە دەرەوەی ماڵ لە چێشتخانە یان لە دوكانی گەس مریشك بخۆیت، بێگومان مریشكەكە بەستووە، رەنگە ئەو پرسیارە بكرێت ئاخۆ تا چەند خواردنی ئەو جۆرە مریشكە سەلامەتە؟

دەكرێ مریشكی بەستووی ناو بەفرگر بۆ چەند هەفتەیەك كەڵكی خواردنی هەبێت، لەوكاتەی مریشكی فرێش لە ناو سەلاجە ماوەی چەند رۆژێك دەتوانرێت بمێنێتەوە، بۆیە لە رووی ئابووری نرخی هەرزانترە و لە رووی تێكچوونیشەوە ئەوەی بەستوو خۆراگرترە، بۆیە رەنگە خواستی زیاتری لەسەر بێت، بەڵام مریشكی بەستووش مەترسی و كێشەی خۆی هەیە.

*بەكتریا، شارەزایان ئاماژە دەكەن بەستن نابێتە هۆی كوشتن و لەناوبردنی تەواوەتیی بەكتریا زیانبەخشەكان وەك سالمۆنێلا و كامیلۆباكتەر، كە دوو هۆكاری بڵاوی نەخۆشییە گوازراوەكانن لە رێگەی خۆراكەوە، رەنگە پیسبوون لە كاتی دانان یان ئەمباركردن بەر لە بەستن رووبدات، بۆیە پێویستە بە باشی مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە مریشكە بكرێت و بە باشی بكوڵێنرێت یان ئەمبار بكرێت.

*دژەسووتانی ناو بەفرگر، كاتێك مریشك دەخرێتە ناو بەفرگر، چەند مادەیەك بۆ رێگرتن لە تێكچوون و لەناوچوونی بەهۆی بەفرەوە لەگەڵ بەكاردێت وەك پرۆبیلین و جلیكۆل، ئەو مادانەش رەنگە هەندێك كێشە بۆ مرۆڤ دروست بكەن وەك ورووژانی پێست و هەناسەتەنگی و دڵەكوتە.

*دروستبوونی خاڵ و پەڵە لەسەر مریشكەكە، رەنگە مریشكی بەستوو لە ناو بەفرگر بەهۆی سووتانی ساردییەوە پەڵە و ماكی خۆڵەمێشی لەسەر دروست ببێت كە كار لە تام و شێوەكەی دەكات، بۆیە پێویستە لە كاتی كڕینی ئەو جۆرە مریشكە ماركە و جۆری باش بكڕدرێت و بە جوانی سەیری وادەی بەسەرچوونی بكرێت و سەرچاوەكەی بزانرێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل