بێنە پێش چاوت ئەگەر ماوەی سێ رۆژ لەسەر یەك لەناو تاریكی لە ژوورێكی تەواو داخراودا بمێنیتەوە، واتە بێ پەنجەرە و بێ هیچ رووناكییەك، هیچ نەبینیت و تەنیا تاریكییەكی تەواو، گوێبیستی هیچ نەبیت تەنیا دەنگی هەناسەی خۆت نەبێت، رەنگە ئەو دۆخە سەیر یان مەترسیدار بێت، بەڵام چۆن كار لە مێشك و جەستە و خەو و درەوونی مرۆڤ دەكات؟
لە رووی زانستییەوە ئەو جۆرە بوونە، واتە لە ناو بێدەنگی و تاریكی، دەبێتە هاندەر بۆ دەردانی هۆرمۆنی میلاتۆنین، كە بەرپرسە لە رێكخستنی سووڕی نوستن و خەبەربوونەوە، توێژینەوەیەكی زانكۆی كالیفۆرنیا دەری خست كە نوستن لە ژینگەیەكی تەواو تاریك، مەترسیی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و قەڵەوی و شەكرە كەم دەكاتەوە، بەتایبەتی لای كەسانی بەتەمەن، بۆیە نوستن لە تاریكی سوودی زۆری هەیە.
بەڵام ئەگەر ئەو خۆدابڕینە لە تاریكی بۆ ماوەی چەند رۆژێك بێت چی دەبێت؟، لە شەستەكانی سەتەی رابردوو زانایانی پەیمانگەی ماكس بلانك لە ئەڵمانیا تاقیكردنەوەیەكی بە ناوی "تاقیكردنەوەی بانكەر"یان ئەنجام دا و ژمارەیەك خۆبەخشیان لە ناو تاریكی لە رووناكی و هەستكردن بە كات دابڕی، دەركەوت كاتژمێری بایۆلۆجیی مرۆڤ بە هێواشی دەگۆڕێت و لە 24 سەعات زیاتر دەبێت، ئەوەش واتە لەشی مرۆڤ لەگەڵ نەمانی رووناكی رادێت و كاتژمێری ناوخۆیی لەش بە شێوەیەكی جیاواز رێك دەخاتەوە.
بەڵام دابڕانی تەواوەتی مەترسی هەیە، چەند توێژینەوەیەكی زانستی دەریانخست كە مانەوە لە ژینگەیەكی دابڕاو لە هاندەرەكان، دەبێتە هۆی شێوانی درككردن و بیستن و بینین، تەنانەت لای كەسە ئاساییەكانیش، لە توێژینەوەی تر دەركەوت دابڕانی هەستی دەبێتە هۆی رارایی و لەدەستدانی هەستكردن بە كات و بە تێپەڕبوونی كات لە دەوروبەریان دادەبڕێن.
بۆیە كاریگەریی دابڕانی مرۆڤ بۆ ماوەی سێ رۆژ لە ژوورێكی تارایك و بێدەنگ بەپێی كەسەكان دەگۆڕێت، هەندێكیان لە تاریكی هەست بە حەسانەوە و ئارامیی مێشك دەكەن، هەندێكی تر هەست بە دابڕان و ئاڵۆزبوونی مێشك و بیركردنەوە دەكەن، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی رارا و خەمۆكیان هەیە مەترسیدارە، بۆیە تاریكی دوو رووی هەیە، رەنگە ببێتە هێمنكەرەوە بۆ مێشك و لەش، لەوانەشە ببێتە ئاوێنەیەك هەست و بیركردنەوەكان گەورە بكات.