پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا و گۆڕانی جۆری ژیان و تەنانەت جۆری كاركردنیش، وایانكردووە هەندێك كێشە بۆ تەندروستیی مرۆڤ دروست ببن، ئامۆژگاری و رێنوێی لەلایەن پزیشكانەوە دەخوازێ تا ببنە خاوەن تەندروستییەكی زۆرباش، یەك لەو كێشانە زۆر تەماشاكردنی شاشە كە ئاكام تەندروستیی چاو تێكدەدات و هی ئەوەیە لەبەرچاو بگیرێت.
پێگەی "
عەرەبیە" لەبارەی ئەو كێشە كە تا ئاستێك بووەتە كێشەی ژمارەیەكی زۆری ئەوانە كاری رۆژانەیان بەرانبەر بە شاشەیە و گرفتی تەندروستیی چاویان هەیە، لە گۆڤاری "تایمز"ی ئەمەریكیی وەرگرتووە و ئاماژەی داوە، كە دەبینین جۆری ژیان گۆڕاوە و تەكنەلۆجیا زیاتر پێشكەوتووە، زۆربەی كارەكانیش پێوەندییان بە كۆمپیوتەر و شاشەوە هەیە و دواتریش كێشە بۆ تەندروستیی چاو دروست دەكات، ئەویش ئازاری چاو و وشكبوونی و كزانەوە و تا دەگاتە كزی لە بینینی بە دواوە دێت، بۆیە گرنگە ئامۆژگاریی پزیشكان لەوبارەیەوە بە رژدی وەربگرن.
د. دۆگڵاس ویزنەر سەرۆكی بەشی دانانی هاوێنەی چاو و پارێزگاری لە چاو لە نەخۆشخانەی وێلز بۆ چاو لە ڤیلادلفیا دەڵێت، ئێستە كە كۆمەڵگە پێشكەوتووە، كۆمەڵگەی ژمارەیی دروست كردووە و ئەوانەی لەو بوارانەدا كار دەكەن، مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی چاویان هەیە.
هاوكات ئامی واتس بەڕێوەبەری بەشی چاو لە نەخۆشخانەی ماساچۆستس بۆ چاو و گوێ دەڵێت، دوو هۆكاری سەرەكی هەن بۆ تووشبوونی چاو بە نەخۆشی. یەكەمیان، كەمبوونی ترووكانی چاو بەتایبەتی ئەوكاتەی تەماشای شاشە دەكەن، ئەوەیش وا دەكات وشكبوونی چاوی بەدواوە بێت و دواتریش دەبێتە هۆی كەمبینین.
لەبارەی هۆكاری دووەمیش دەڵێت، كاتێك چاو بۆ ماوەیەكی زۆر تەواوی سەرنجی دەخاتە سەر خاڵێكی دیاریكراو وەك تەماشاكردنی شاشە، ماسولكەكانی چاو ماندوو دەبن و توانای ئەوەیان نامێنێ بە روونی شتەكانی بەردەمیان ببینن، لە دوورمەودادا چاوەكان بۆ بینین لاواز دەبن. هاوكات لە ئاكامی ئەو ماندبوونە، نیشانەی تری بەدواوە دەبێت وەك ئازاری چاو، یان چاوەكان سوور دەبنەوە و دەكزێنەوە.
لەبارەی وشكبوونی چاویش ئاماژە بەوە دراوە، قەترەی تایبەت بە وشكبوونی چاو هەیە كە بەهۆی كەمیی ترووكاندنی چاو دێتە كایەوە، ئەو قەترەیەیش كاتییە و ئەگەر حاڵەتەكە باش نەبوو و ئەنجامی نەبوو، ئەوكات دەبێ پزیشكی پسپۆر پشكنین بۆ چاوەكان بكات. بۆی بەشێوەیەكی گشتی زۆر تەماشاكردنی شاشە، هۆكاری سەرەكیی ئەو وشكبوونەوەیەی چاوە.
دواتریش پزیشكانی پسپۆر باس لەوە دەكەن، كاتێك منداڵ زۆر تەماشای ئامێرە شاشەدارەكانی كرد و سكاڵای لەوە كرد كە شتەكان بە روونی نابینێت، دەبێ سكاڵاكەی بە رژدی وەربگیرێت، چونكە بەشێك لە توێژینەوەكان ئاماژە بەوە دەدەن، زۆر بەكارهێنانی ئامێری شاشەدار بۆ ئەو منداڵانەی چاویان لە گەشەكرندایە، ئەگەری زۆر هەیە تووشی كەمبینین بن، بۆیە زۆر گرنگە لەو حاڵەتەدا ببرێتە لای پزیشكی پسپۆر تا پشكنین بۆ حاڵەتەكەی بكات.
بەشێوەیەكی گشتی بۆ ماوەیەكی زۆر و بەبێ پشوودان، بەردەوام بەرانبەر بە شاشە و بەتایبەتی شاشەی كۆمپیوتەر و مۆبایل دابنیشن، چاوەكانتان تووشی كێشەی تەندروستی دەبن و باشترین چارەسەریش بۆ ئەوانەی كاریان لەسەر مێز و تەماشاكردنی كۆمپیوتەرە، گرنگە لە ماوەی سەعاتێكدا ماوەی چەند خولەكێك پشوو بە خۆیان و چاوەكانیان بدەن، ئەو پشوودانە پارێزگاری لە چاوەكان دەكات و لە زۆر نەخۆشی دەیانپارێزێت.