بۆچی دوای مەلەكردن رووی پەنجە لۆچدار دەبێت؟

:: PM:08:55:04/06/2025 ‌

رەنگە تێبینی ئەوەت كردبێت كە لە دوای مەلەكردن یان خۆشووشتن یان مانەوەی پەنجەكانی دەست لە ناو ئاو بۆ ماوەیەك رووەكەیان لۆچدار دەبێت، رۆژنامەی "دەیلی میڵ"ی بەریتانی لە زاری چەند زانایەك دەگوازێتەوە كە بابەتەكە پێوەندیی لە لووەكانی خوێنەوە هەیە. 

تیمێك لە توێژەران بە سەرۆكایەتیی د. جای جێرمان مامۆستا لە بەشی ئەندازیاریی پزیشكی لە زانكۆی بینگهامپتۆن لە نیویۆرك تاقیكردنەوەیەكیان لەسەر ژمارەیەك كەس كرد و پەنجەی ئەوانیان بۆ ماوەی 30 خولەك خستە ناو ئاوەوە، رووی پەنجەكانیان لۆچدار بوون، دوای دووبارەكردنەوەی هەمان تاقیكردنەوە لە دوای 24 سەعات، بۆیان دەركەوت پەنجەی ئەوان بە هەمان شێوەی لۆچەكانی پێشوو لۆچدار بووەتەوە. 

جێرمان دەڵێت، پێشتر باوەڕ وابوو كە پێست لە رێگەی كونیلەكانەوە ئاو هەڵدەمژێت، ئەوەش دەبێتە هۆی ئاوسان و لۆچداربوونی، بەڵام دەركەوت كۆئەندامی خۆنەویستی دەمار لەو حاڵەتە بەرپرسیارە، ئەو كۆئەندامەی كۆنترۆڵی جووڵە خۆنەویستەكانی لەش دەكات وەك هەناسەدان و لێدانی دڵ و گرژبوونی دیواری لووەكانی خوێن، كە گرژبوونی لوولەكانی خوێن دەبێتە هۆی لۆچداربوونی پێست لە دوای مەلەكردن بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ.

ئەو مامۆستایە دووپاتی كردەوە، ئەوكاتەی دەست و قاچ بۆ زیاتر لە چەند خولەكێك بەر ئاو دەكەون، لوولەكانی ئارەقەكردن لە ناو پێست دەبنەوە و ئاو دەچێتە ناو شانەی پێستەكە، ئەوەش دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی رێژەی خوێ لە پێست، هەستە ریشاڵەكان پەیامێك بۆ مێشك رەوانە دەكەن بە كەمبوونەوەی ئاستی خوێ لە پێست.

كۆئەندامەكە لوولەكانی خوێ تەسك دەكاتەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی قەبارەی پێست و دروستبوونی لۆچ، دەركەوتووە كە ئەوانەی كێشەیان لە هەستە دەماری پەنجەكانیان هەیە ئەو لۆچانەیان بۆ دروست نابێت، كە وەك جێرمان باسی دەكات، لۆچەكان توانای گرتنی شتەكان لە ناو ئاو یان رۆیشتن لەناو ئاو زیاتر و باشتر دەكەن.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل