رەنگە كە باسی شێرپەنجەی سییەكان دەكرێت زۆرینەمان راستەوخۆ بیر لە جگەرەكێشان دەكەینەوە، وەك هۆكاری سەرەكیی ئەو جۆرە نەخۆشییە مەترسیدارە كە ساڵانەی سەتان هەزار كەس لەناو دەبات، بەڵام بەپێی توێژینەوە زانستییەكان جگەكێشان تەنیا هۆكار نییە، بگرە هۆكاری تریش بۆ تووشبوون هەیە.
ئەوەی ئەو باسەی گەرم كردووە كەسانێك تووشی شێرپەنجەی سییەكان بوونەتەوە كە جگەرەكێش نین، ئەوە وای لە زانایان كرد كە ئەو جۆرە شێرپەنجە وەك نەخۆشییەكی سەربەخۆ پۆلێن بكەن، كە یەكێكە لە بڵاوترین جۆرەكانی شێرپەنجە لە دنیا، ئەندریاس فیك پسپۆڕی گرێكان لە زانكۆی زیوریخی سویسرایی دەڵێت، رەنگە شێرپەنجەی سییەكان وەك نەخۆشییەكی جیا دەركەوێت، زۆرجار لە كەسانی تەمەن 30 بۆ 35 ساڵ لەوانە بەدیار دەكەوێت كە جگەرەكێش نین.
روونی كردەوە، شێرپەنجەی سییەكان، بەتایبەتی لە جۆری رژێنەكان، واتە ئەو جۆرەی تووشی رژێنەكان دەبێت كە شلە و لینجاو لە شانەكانی لەش دەردەدەن و لەوانە تووشی شانەی سییەكانیش دەبێت، لە قۆناغە سەرەتاییەكان نیشانەی بەدیار ناكەوێت، وەك كۆكە و ئازاری سینگ و هەناسەتەنگی، تەنیا ئەوكاتە نەبێت كە گرێكە تەشەنە نەكات، بۆیە زۆرینەی جارەكان لە قۆناغە پێشكەوتووەكان ئاشكرا دەبێت.
لە هۆكاری تری تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەكان هەڵمژینی غاز و هەڵمژینی ناراستەوخۆی دووكەڵی جگەرەیە، جیا لە بەركەوتنی هەڵمی چێشتلێنان یان دووكەڵی سووتاوی دار و خەڵووز لە شوێنە داخراوەكان، بۆیەش بەو هۆیەی ژنان بە بەردەوام لە ماڵەوەن زیاتر تووشی دەبن، بۆیە پیسبوونی هەوای دەوروبەر دووەم هۆكاری تووشبوونە لە دوای جگەرەكێشان، بەتایبەتی بەهۆی دووكەڵی ئەكزۆزی ئۆتۆمۆبێل و كارگە و دووكەڵی سووتانی دار و خەڵووز.