زۆرینەی دەرمانەكان مادەی كیمیایین، واتە بۆ چارەسەركردنی حاڵەتێك یان زیاتر دروست دەكرێن، هاوكات ئەگەری هەیە كاریگەریی لاوەكی و نەرێنیان هەبێت، تەنانەت هەندێكیان هەن زۆر بە ناچاری دەخورێن، شارەزایان وریایی لە بەكارهێنانی جۆرە دەرمانێك دەدەن دەبێتە هۆی لاوازیی سێكسی.
رۆب دیكسیۆنی تەمەن 33 ساڵ باسی ئەزموونی خۆی لە دوای وەرگرتنی دەرمانی "فیناستراید" بۆ ماوەی شەش مانگ دەكات، دەرمانێكە بۆ چارەسەركردنی هەڵوەرینی قژ بەكاردەهێنرێت، باسی ئەوە دەكات، لە تەمەنی 24 ساڵی لە دوای دۆزینەوەی لە ئینتەرنێت بەكارم هێنا، لە رێنوێنیی بەكارهێنانی نووسرابوو ئەگەری تووشبوون بە خەمۆكی و لاوازیی سێكسی هەیە، بەڵام بەوپێیەی من گەنج بووم پێشبینیی ئەوەم نەكرد تووشی ئەوانە ببم.
روونی كردەوە، بەڵام دوای تەنیا یەك رۆژ لە وەرگرتنی هەستم بە دابەزینێكی زۆری توانای سێكسیم كرد و لە ماوەی دوو هەفتە بە تەواوەتی توانای رەقبوونم نەما، دوای وازهێنان لە دەرمانەكە خراپتر بووم، تووشی چەند حاڵەتێكی تر هاتمەوە، لەوانە ترس و زرنگانەوەی گوێ و لاوازیی بینین و كێشە لە كۆئەندامی هەرس و ئازاری جومگە و بیرۆكەی خۆكوشتنم بۆ دەهات.
دوای ئەوانە رۆب پێویستی بە چوار ساڵ هەبوو بۆ چاكبوونەوەی بە هەنگاو و گەڕانەوەی بەشێك لە توانای سێكسی، بەڵام ئێستە دوای باشبوونی، هەندێك نیشانەی وەك ماندووبوون و ئازاری جومگە و تێكەڵبوونی مێشك و بیركردنەوەی هەر ماوە.
ئەو دەرمانە، واتە "فیناستراید" لە بنەڕەتدا بۆ چارەسەركردنی ئاوسانی پرۆستات دروست كراوە، بەڵام بە شێوەیەكی بەربڵاو بۆ چارەسەركردنی هەڵوەرینی قژ بەكاردێت، ئەگەرچی لە لایەن دەستەی خزمەتگەزاریی تەندروستیی بەریتانی بۆ ئەو مەبەستە رێگەی پێ نەدراوە و لە 2024 دەستەی رێكخستنی دەرمان و بەرهەمەكانی چاودێریی تەندروستیی بەریتانی وریایی لە بەكارهێنانی دەرمانەكە دا و رای گەیاند كە مەترسیی تووشبوونی بە خەمۆكی و بیرۆكەی خۆكوشتن و لاوازیی سێكسی هەیە.
زۆرێك لە شارەزایانی تەندروستی لەوانە پرۆفیسۆر دێڤید هێلی وای دەبینن ئەو رێوشوێنانە، واتە وریاكردنەوەكان، بەس نین و درەنگ كەوتوون، چونكە هەندێك لەو پیاوانەی بەكاریان هێناوە تووشی كاریگەریی لابەلا بوونە كە تا ئێستە چارەسەری نییە، سۆرۆن جۆفنید دەرمانساز دەڵێت، پێویستە لە كاتی بەكارهێنانی دەرمانەكە نەخۆشەكان داوای یارمەتی لە دۆست و خێزانەكانیان بكەن لە تێبینیكردنی هەر گۆڕانكارییەك لە میزاجیان، هەر لەوبارەوە ستیف ئۆبراین پسپۆڕی نەخۆشییەكانی قژ دەڵێت، لە نۆرینگەكەی بە هیچ شێوەیەك رێنوێنیی بەكارهێنانی ئەو جۆرە دەرمانە نادات و چارەسەری سروشتی كەمتر مەترسیداری پێ باشترە.