بۆچی پێویستە كۆنترۆڵی رێژەی شەكرەی خوێن بكرێت؟

:: PM:08:59:10/06/2025 ‌

ئێستە لەبەر هۆكاری جیاواز رەنگە پێوەندی بە بۆماوە و ئامادەیی بۆماوەیی و بەرگری بۆ ئەنسۆلین یان قەڵەوی و جۆری خۆراك و نوستن و شێوازی ژیان و سترێس و رارایی و بیركردنەوەی زۆر و كێشە دەروونییەكانەوە، تووشبوون بە جۆری یەكەم و دووەمی نەخۆشی شەكرە زۆر زیادی كردووە، ئەوەش پێویست بە هەڵوەستەكردن دەكات، بەڵام بۆچی؟

نەخۆشی شەكرە هەر ئەوەندە نییە ناوی نەخۆشییە و رێژەی شەكر لە خوێن زیاد دەكات، بگرە چەندان كاریگەریی گەورەی لەسەر دڵ و مێشك و گورچیلە و چاو و دەمارەكان هەیە، وای كردووە ببێتە یەكێك لە گەورەترین كێشە تەندروستییەكان كە هەڕەشە لە ژیانی مرۆڤ دەكات و ساڵانە دەیان هەزار كەس بەهۆی كاریگەرییەكانی لەناو دەچن.

ژمارەی تووشبووانی شەكرە لە دنیا زیاتر لە 422 ملیۆن كەسە، ساڵانە 1.5 ملیۆن حاڵەتی مردن بەهۆی كاریگەرییە خراپەكانی هەیە، دیارترینیان كێشەكانی دڵ و لوولەكانی خوێنە، كە نەخۆشیی شەكرە رێژەی تووشبوونیان زۆر زیاتر دەكات، كاتێك بەرزیی رێژەی شەكر لە خوێن دەبێتە هۆی تێكچوونی لوولەكانی خوێن و هەستە دەمارەكان.

جیا لەوە شەكرە هۆكاری سەرەكیی پەككەوتنی گورچیلەكانە و دەبێتە هۆی تێكچوونی فەرمانەكانیان و رەنگە لە قۆناغێك مرۆڤ پێویستیی بە شووشتنی گورچلەكانی یان چاندنی هەبێت، دەركەوتووە سێیەكی تووشبووانی شەكرە ئەگەری تووشبوونیان بە كێشەی درێژخایەنی گورچیلە هەیە، جیا لە كاریگەری لەسەر چاوەكان و تێكچوونی تۆڕێنەی چاو و لەدەستدانی بینین و زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە ئاوی شین و لیڵبوونی هاوێنەی چاو. 

لەپاڵ ئەوانەی باس كران شەكرە كار لە كۆئەندامی هەستە دەمار دەكات، بەتایبەتی پەلەكان و تێكیان دەدات و سڕ دەبن ئازاریان دەبێت و رەنگە بەرەو بڕینەوەیان ببات، سیستمی بەرگریی لەش لاواز دەكات و ئەگەری تووشبوون بە هەوكردن و نەخۆشی و كێشەی كۆئەندامی هەرس زیاد دەكات، جیا لە بوونی بە هۆكار بۆ خەڵەفان و تێكچوونی هۆشیاریی مرۆڤ بەهۆی كەمبوونەوەی گەیشتنی خوێن بۆ مێشك.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل