یەكێك لە حاڵەتە مەترسیدارەكان بوونی گرێیە لە لەش، بەتایبەتی ئەگەر گرێیەكە پیس یان شێرپەنجەیی بێت، گرێ لە شوێنە جیاجیاكانی لەشی مرۆڤ دروست دەبێت، دوای ئاشكرابوونی دەبێت لە تاقیگە چاندنی بۆ بكرێت و بە نەشتەرگەری لاببرێت، بەگشتی ژنان دەتوانن لە رێگەی چەند نیشانەیەك بوونی گرێ لە لەشیان بزانن، چونكە ئاشكرابوونی لە قۆناغێكی زوودا كاریگەریی گەورەی لەسەر چارەسەركردن هەیە.
لەو نیشانانە كە ماڵپەڕی
"تایمز ئۆف ئیندیا" باسی دەكات، لەدەستدانی كێشی لەش بەبێ هۆكار، ماندووبوونی بەردەوام كە دوای نوستنیش بەردەوام دەبێت، گۆڕانكاری لە پرۆسەی دەردان، واتە لە میز و پاشەڕۆكردن، سكچوون و قەبزی و دەركەوتنی خوێن لە پاشەڕۆ یان زۆر میزكردن، هاتنی نائاسایی كێم و خوێن لە زێ و منداڵدان، هاتنی كێم و خوێن لە گۆی مەمكەكان.
كۆكەی بەردەوام و كپبوونی دەنگ بۆ ماوەی زیاتر لە دوو هەفتە، رەنگە نیشانەیەك بێت بۆ گرێی گەروو و سیەكان، بەتایبەتی ئەگەر خوێنی لەگەڵدا بێت، بەدهەرسی یان زەحمەتیی قووتدانی خۆراك ترشان، ئەوانە ئەگەری تووشبوون بە گرێی سورێنچك و گەدە و قورگ دروست دەكەن، ئازاری بەردەوامی سك و ناوچەی حەوز وەك نیشانەیەك بۆ گرێی هێلكەدان و منداڵدان، كە هەستكردن بە بای سك و پڕبوونی گەدەی لەگەڵدایە.
جیا لەوانەی باس كران، دروستبوونی خاڵی نوێ لەسەر پێست، كە رەنگە نیشانەیەك بێت بۆ گرێی پێست، تا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بێ هۆكار و ئارەقەكردنی شەوانە و دروستبوون یان هەستكردن بە بوونی گرێ لە مەمك یان ژێر باڵ و مل و ران.