14ی حوزەیرانی هەموو ساڵێك بە رۆژی جیهانیی خوێنبەخشین دیاری كراوە، ساڵانە وڵاتانی دنیا بەو بۆنەیەوە ئاهەنگ دەگێڕن، چالاكییەكە سوپاسگوزارییە بۆ ئەو كەسانەی بە خۆبەخشی و بەخوێنی خۆیان یارمەتیی كەسانی تر دەدەن.
ئەمڕۆ لەلایەن رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دیاری كراوە، داوا لە خوێنبەخشان دەكەن بەردەوام بن و گیانی كەسانی تر رزگار بكەن.
بەگوتەی رێخراوی تەندروستی جیهانی، خوێنبەخشان دەبنە رزگاركەری ژیانی ئەو كەسانەی كە پێویستیان بە خوێنە، بەتایبەت تووشبووانی تالاسیمیا بەجۆرێك ساڵانە ژیانی ملیۆنان كەس رزگار دەكەن.
رێخراوەكە دەڵێت: دەتوانن تەمەنی ئەو نەخۆشانە درێژ بكەنەوە كە حاڵەتی مەترسیداریان هەیە و زۆربەی كات پێویستیان بە نەشتەرگەریی قورس هەیە، خوێنبەخشان رۆڵێكی گرنگ لە رزگاركردنی ژیانی دایكان و منداڵان دەگێڕن بەتایبەت ئەوانەی لە چاودێریی چڕی تەندروستیدان.
هەرچەندە بەپێی راگەیەنراوی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، خزمەتگوزارییەكانی خوێن ئێستە لە زۆر لە وڵاتان رووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە، لە دابینكردنی بڕی پێویستی خوێن و دڵنیابوون لە كوالێتی و سەلامەتیی خوێنەكە.