لە ماوەی چەند دەیەساڵی دوایی تێكڕای وەچەخستنەوەی پیاوان بەشێوەیەكی بەرچاو كەمی كردووە، لەوكاتەی توێژینەوە و شارەزایانی تەندروستی هۆكارەكەی بۆ قەڵەوی یان سیستمی خراپی خۆراك یان ژەهرەكانی ژینگە دەگەڕێنەوە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن كە رەنگە نەخۆشییە پەتاییەكانی وەك مشەخۆری تۆكسۆپلازما گۆندی هۆكارێك بێت بۆ ئەو كەمبوونەوەیە.
ماڵپەڕی
"لایف ساینس"، باسی توێژینەوەیەكی نوێ لە 2025 دەكات، بەوەی كاتێك سپێرمی مرۆڤ راستەوخۆ دووچاری ئەو مشەخۆرە دەبێتەوە، سەرەكەی لەدەست دەدات، بەوەی كاریگەرییەكی نەرێنی دەكاتە سەر كوالیتیی سپێرمەكە، ئەو مشەخۆرە زیاتر لە پاشەڕۆی پشیلە و ئاوی پیس و گۆشتی باش نەكوڵاو و سەوزە و میوەی نەشۆردراوە هەیە و نیوەی دانیشتووانی زەوی بەدەستییەوە دەناڵێنن.
ئەو مشەخۆرە كە دەچێتە ناو لەش، كیس لە هەندێك ئەندام دروست دەكات وەك مێشك و دڵ و ماسولكە و گون، دوای تووشبوون گون هێرش دەكاتە سەر سپێرمەكان و دەیانشێوێنێت، بەوەش شێوە و ژمارەیان كەم دەبێتەوە.
بەپێی توێژینەوەكە پێنج خولەك بەسە بۆ بەریەككەوتنی مشەخۆرەكە و سپێرمەكان بۆ ئەوەی 22%یان سەرەكانیان لەدەست بدەن، بۆیە بە تێپەڕبوونی كات دەبێتە هۆی شێوان و تیبَكچوونی سپێرمەكان، لە رێگەی هاندانی دروستبوونی هەوكردنی درێژخایەن لە كۆئەندامی زاوزێی نێرینە، بەو شێوەیە زیان بە سپێرم دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی تێكڕای وەچەخستنەوە لە پیاوان.
بۆ خۆپاراستن لە تۆكسۆپلازما، دەكرێ پیاوان گرنگیی بە پاكوخاوێنی خۆیان بدەن، بەتایبەتی لە كاتی مامەڵەكردن لەگەڵ پشیلە و شووشتنی دەستیان و كوڵاندنی باشی گۆشت و شۆردنەوەی جوانی سەوزە و میوە، كە هاوەكات ژنانی دووگیان و ئەوانەشی سیستمی بەرگریی لەشیان لاوازە خۆیانی لێ بپارێزن، كە دەبێتە هۆی لەبارچوون و تووشبوون بە نەخۆشی.