بەپێی توێژینەوەیەكی زانستیی نوێ كە لە ژاپۆن لەبارەی ترشەڵۆكی فیرۆلیك ئەنجام دراوە، بەوە گەیشتوون كە ئەو ترشەڵۆكە ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ كەم دەكاتەوە. دواتریش دەڵێن ترشەڵۆكی فیرۆلیك بە زۆری لە قاوە و برنجدا هەیە.
پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ سێشەم 17ی حوزەیران، توێژینەوەكەی لە پێگەی "سایتیك دیڵی" وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، توێژەرانی توێژینەوەكە لە كۆلیژی دەرمانسازی لە زانكۆی تۆهۆی ژاپۆنی دووپاتیان كردووەتەوە، ترشەڵۆكی فیرۆلیك رێگە لەوە دەگرێ دەمارەكان بگیرێن، كە ئەو گیرانەیش دەبێتە هۆی جەڵتەی دڵ و ئازاری سینگ و چەندان نەخۆشیی تری دڵ و دەمارەكان.
توێژەران ئاماژە دەدەن كە ئەو ترشەڵۆكە زیاتر لە قاوە و برنج و رووەكدا هەیە. توێژینەوەكەیش لەسەر دەمارەكانی بەراز كراوە كە لە دەمارەكانی مرۆڤ دەچن. بۆ ئەوەیش دووپات دەكەنەوە كە ئەركی ترشەڵۆكی فیرۆلیك ئەوەیە رێگە نادات دەمارەكان بگیرێن و مادەی كیمیایی بچنە جەستەوە، دواتریش مرۆڤ لە وەستانی دڵ دەپارێزێت.
روونیان كردووەتەوە كە ترشەڵۆكی فیرۆلیك رێگە دەگرێ كالسیۆم بچێتە شانەكانی ماسولكەكان، كە هەر ئەوەش وا دەكات دەمارەكان بگیرێن، جیالەوەی كاری وەستانی پرۆتینێكی دیاریكراوە كە پێی دەگوترێت "میۆسین"، ئەو پرۆتینەیش هۆكاری سەرەكییە بۆ گیرانی دەمارەكان.
دواتریش پێگەكە لەسەر زاری دكتۆر كینتۆ یوشیۆكا سەرۆكی تیمی توێژینەوەكەیە گواستوویەتیەوە، ترشەڵۆكی فیرۆلیك لە بنچینەدا لە رووەك هەیە و بە مادەیەكی سەلامەت ناو دەبرێت، هاوكات بۆ پیشەسازیی دەرمان بۆ نەخۆشییەكانی دڵ بەكار دەهێنرێت، بەتایبەتیش لە قاوە و برنجدا ئەو ترشەڵۆكە زۆرە.