زۆرن ئەوانەی جەستەی خۆیان وا فێر كردووە كە بە ئاوی زۆر گەرم خۆیان بشۆن و پێیان وایە بەو ئاوە گەرمە، پێست و جەستەیان پاكتر دەبێتەوە، بەڵام پزیشكێك هۆشداریی دەدا كە خۆشوشتن بە ئاوی زۆر گەرم، مەترسی لەسەر گیان هەیە و باشترە بە ئاوی مامناوەند خۆتان بشۆن.
پێگەی "
عەرەبیە" ئەمڕۆ سێشەم 17ی حوزەیران، هەواڵەكەی لە رۆژنامەی "دێلی مێڵ"ی وەرگرتووە كە ماكس ماداهالی پسپۆر لە بواری دەمارەكان، قسەی بۆ رۆژنامەكە و ئاماژەی داوە، خۆشوشتن بە ئاوی زۆر گەرم، مەترسیی هەیە و زۆرجار وا دەكات پاڵەپەستۆی خوێن زۆر نزم ببێتەوە و ببێتە هۆی بوورانەوە، لەو كاتەیشدا مەترسی لەسەر گیان دروست دەبێت.
ئەو پزیشكە زیاتر دەڵێت، بوورانەوە لەناو گەرماو، مەترسییەكی زۆر رژدە و زۆرجار دەبێتە هۆی شكانی ئێسك یان برینداربوون، بەتایبەتی كاتێك كەسەكە بە تەنیا بێت و لەناو ماڵەكە كەس ئاگای لێ نەبێت.
بۆیە دووپات دەكاتەوە كە بۆ خۆشوشتن، زۆر گرنگە ئاوی مامناوەند "شەلەتێن" بەكار بهێنرێت نەك ئاوی زۆر گەرم، بەتایبەتی ئەوانەی تەمەنیان هەڵكشاوە و بەساڵاچوون، یان ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، زۆر گرنگە بە ئاوی زۆر گەرم خۆیان نەشۆن، یان لەناو گەرماوەكەدا كەرەستە یان هەر شتێك هەڵبواسرێت تا كاتێك كەسەكە هەستی كرد خەریكە دەبوورێتەوە، خۆی پێ هەڵبواسێت تا بە توندی نەكەوێت. یان زەنگی ئاگاداركردنەوە لەناو گەرماو دابنرێت بۆ كاتی پێویست.
دواتریش ئاماژە دراوە كە ئاوی زۆر گەرم، چەوریی سروشتی لەسەر پێست دەتوێنێتەوە، لە كاتێكدا ئەو جۆرە چەورییە بۆ پێست گرنگە و پارێزگاری لە پێست دەكات، بەبێ ئەو چەورییە پێست وشك دەبێت. هەروەها ئاوی زۆر گەرم موو دەوەرێنێت و ئەویش بەتایبەتی بۆ پرچ كاریگەریی نەرێنیی دەبێت.