هەر كێشەیەك لە ریخوڵەكان هەبێت، كاریگەریی لەسەر تەندروستیی گشتی دەبێت، بۆیە هەندێك جار نیشانەی دیاریكراوی تەندروستی دەردەكەون، هۆشداریی دەدەن كە كێشە لە ریخۆڵە هەیە، بۆ نموونە تێكچوونی نینۆك یان پێست و وەرینی پرچ و.. و..، بۆ هەموو ئەوانە پێگەیەك ئاماژە بەو نیشانانە دەدات كە هۆشداریدانە بە كێشەی ریخۆڵە.
پێگەی "
عەرەبیە" ئەمڕۆ پێنجشەم 19ی حوزەیران، هەواڵەكەی لە بەشی تەندروستیی پێگەی "تایمز ئۆف ئیندیا" وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی گوتەی پزیشكانی پسپۆر لە هەناو، گرنگە بایەخێكی زۆر بە تەندروستیی ریخۆڵەكان بدرێت بۆ هاوسەنگی، چونكە كێشەی ریخۆڵە كاریگەریی لەسەر تەندروستیی گشتی دروست دەكات. بۆیە هەندێك نیشانە هەن كە هۆشداریی دەدەن ریخۆڵەكان كێشەی تەندروستییان هەیە.
غازاتی بەردەوام و بەتایبەتی لە دوای خواردنی هەر ژەمێك، یەك لە هۆكارەكانی كێشەی هاوسەنگی ریخۆڵەیە، بەتایبەتی لە دوای خواردنی خۆراكە چەورییەكان. ئەوە زیاتر لە پشكنیندا دەردەكەوێت و پزیشك دەتوانی چارەسەری پێویستی بۆ دەستنیشان بكات. هەروەها زۆرجار گۆڕانی رەنگی پێست بەتایبەتی رەنگی رووخسار، لە پشكنیندا دەردەكەوێت كەسەكە كێشەی ریخۆڵەی هەیە.
باس لەوە دەكرێ كە هەردوو حاڵەتی سكچوون و قەبزی، هۆكارە كە كێشە لە هاوسەنگیی جووڵەی ریخۆڵە هەیە. دووپات دەكەنە كە قەبزی و سكچوونی بەردەوام، نیشانەن كە ئەركی هەرس كێشەی هەیە، دواتریش ئەو قەبزی و سكچوونە كاتێك دروست دەبن كە ریخۆڵە سست بێت نەتوانی ئەركی خۆی جێبەجێ بكات.
هەروەها ئاماژە بە گۆڕانی بەرچاوی پێست و نینۆكەكان و وەرینی پرچ دەكرێت، پزیشكان پێیان وایە ئەگەری زۆری ئەو گۆڕانكارییانە لە رەنگ و تێكچوونی پێست و نینۆك و وەرینی پرچ، ئەوە دەردەخات ریخۆڵەكان لە كێشەدان، بۆیە گرنگە پزیشك لە پشكنیندا دەستنیشانی جۆری كێشەكە بكات.
دواتریش پسپۆران باس لە خەوتن و ماندوویی دەكەن و دەڵێن، تەندروستیی ریخۆڵەكان، پێوەندیی بە جۆری خەوتنەوە هەیە، هەروەها ماندوویی بەردەوامیش هۆكارێكی ترە بۆ كێشەی ریخۆڵە.