ئێستە جۆرێكی نوێی گۆڕاوی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە دنیا بڵاوە، كە بە "نیمبۆس" دەناسرێت، تووشی قورگ دەبێت و ئازارێكی زۆر دروست دەكات و بووەتە مایەی نیگەرانیی پزیشكان.
هەریەك لە بەریتانیا و هیندستان و وڵاتانی تریش چەندان حاڵەتی تۆماركراوی ئەو جۆرە نوێیەی ڤایرۆسی كۆرۆنایە بەخۆیەوە بینیوە، كە لە میدیاكان بە "كۆڤیدی قورگ"، دەناسرێت بەهۆی بە ئازاری و كاریگەریی لەسەر بەشی سەرەوەی كۆئەندامی هەناسەدان و دەركەوتنی نیشانەی تریش، وەك تا و كۆكە و هەناسەتەنگی و لەدەستدانی هەستەكانی بۆنكردن و تامكردن.
بەپێی
رێكخراوی تەندروستیی جیهانی ئەو جۆرەی كۆرۆنایە لە زۆرترین هۆكاری تووشبوونە بەو ڤایرۆسە لە كۆتایی مانگی ئایاری رابردوو، بەتایبەتی لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا و رۆژئاوای دەریای هێمن، بەپێی رێكخراوەكە ئەو جۆرە نوێیە 11%ی ئەو پەتایەی لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو پێك هێناوە.
سەرەڕای خێرایی بڵاوبوونەوەی، رێكخراوەكە ئاماژە دەكات تا ئێستە هیچ بەڵگەیەك نییە بەوەی ئەو جۆرە كاریگەریی مەترسیدارتر لە جۆرەكانی پێش خۆی دروست بكات، بۆیە نیشانەكان لە سنووری ئاسایین و تا ئێستە توندی نەخۆشییەكە ئاساییە.