شەكری پیشەسازیی لە قامیش دروست دەكرێت كە پسپۆرانی بواری تەندروستی پێیان وایو شەكری پیشەسازی، زیانی زۆری بۆ تەندروستی هەیە، بەڵام ئەو شیرینییە سروشتییەی لە قامیشدا هەیە، نەك هەر زیانی نییە، بەڵكو سوودی زۆر دەگەیەنێت. لەو توێژینەوانەی تا ئێستە لەبارەی ئاوی قامیش كراون، توێژەران بەوە گەیشتوون كە ئاوی قامیش زۆرترین سوودی بۆ تەندروستیی مرۆڤ هەیە و گرنگە خواردنەوەی فەرامۆش نەكرێت.
پێگەی "
ئەهرام"ی میسری بەپێی زانیارییەكانی پسپۆرانی بواری خۆراك، بابەتێكی لەبارەی سوودەكانی ئاوی قامیش بڵاو كردووەتەوە كە ئەو ئاوە شیرینە سروشتییە، بە گلۆگۆز و فرگتۆز دەوڵەمەندە كە ئەوانە شیرینیی سروشتین، بەهۆیانەوە وزەی زۆر بە جەستە دەگات، بەجۆرێك كە مرۆڤ كەمتر هەست بە ماندوویی دەكات، جیالە چەندان سوودی تری تەندروستی.
باس لەوە دەكری كە ئاوی قامیش پاككەرەوەی سروشتیی جەستەیە و بەتایبەتی جگەر لە مادە ژەهراوییەكان پاك دەكاتەوە، لە مەترسیی تێكچوون دەیپارێزێ و رێگە نادات مادەی زیانبەخش لەسەری كۆ ببنەوە. هەروەها ئاوی قامیش ئەركی ریخۆڵەكان هاوسەنگ دەكات و لە قەبزی دوورتان دەخاتەوە، بەشێوەیەكی گشتیش ئەركی هەرس باشتر دەكات.
هەروەها ئەو ئاوە پۆتاسیۆم و دژەئۆكسید لەخۆ دەگرێت، وا دەكات پاڵەپەستۆی خوێن بەرز نەبێتەوە و كۆلیسترۆڵی خراپ لەناو دەبات، بۆیە بەگشتی دڵ لە نەخۆشییەكان دەپارێزێت. هاوكات ئاوی قامیش دژەبەكتیریا لەخۆ دەگرێ و وا دەكات هەوكردن لە جەستەدا كەمتر ببێتەوە، دواتریش بەرگریی جەستە بەهێزتر دەكات.
ترشەڵۆكی گلیكۆلیك لە قامیشدا هەیە و ئاوەكەی بۆ پاككرنەوەی پێستی رووخسار زۆر بەسوودە و شانەكانی نوێ دەكاتەوە، هەروەها قنچكەی رووخسار ناهێڵێت و وشكی دەكاتەوە. باس لەوەش كراوە كە ئاوی قامیش سوودی بۆ هاوسەنگی شەكرە هەیە، چونكە شیرینییەكەی سروشتییە، چونكە دەوڵەمەندە بە مەگنسیۆم، وا دەكات هەستەوەریی جەستە بەرانبەر بە ئەنسۆلین بەهێزتر بێت.
پسپۆران باسی ئەوەش دەكەن كە ئاوی قامیش بۆ ناودەم و پووك و ددانیش زۆر بەسوودە، چونكە مادەی دژەبەكتیریا لەخۆ دەگرێت، پووك بەهێز دەكات و لە نەخۆشییەكانی دوور دەخاتەوە. هاوكات قامیش ڤیتامینی ئاسن لەخۆ دەگرێ و وا دەكات سووڕانەوەی خوێن بە دەرمارەكاندا باشتر بێت و ئۆكسجینی زیاتر بە ئەندامانی جەستە دەگەیەنێت، دواتریش دەبێتە هۆی باشتربوونی ئەركی هەناسە.