چۆن مێشكت پاك دەكەیتەوە؟

:: PM:11:00:22/06/2025 ‌

مێشكی مرۆڤ ناوەندی بیركردنەوە و بڕیاردان و یادەوەری و هیتری مرۆڤە، رەنگە جیاوازیی مرۆڤی ئاسایی و نائاسایی یان شێواو مێشك بێت، كە تووشی چەندان كێشە دێتەوە لەوانە خەڵەفان، زانایان ئاماژە دەكەن پێویستە مرۆڤ بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە خەڵەفان و ئەلزەهایمەر، مێشكی پاك بكاتەوە، بەڵام چۆن؟

لە راپۆرتێكی زانستیدا لەوبارەوە هاتووە، مێشكی مرۆڤ بەهۆی كەمخەوییەوە تووشی پیسبوون دەبێت، بۆیە نوستنی باش باشترین رێگەیە بۆ پاككردنەوەی مێشك كە مرۆڤ لە تووشبوون بە نەخۆشییەكانی خەڵەفان دەپارێزێت و پارێزگاری لە تەندروستی و چالاكییەكەی دەكات.

بەپێی راپۆرتەكە كەمخەوی دەبێتە هۆی كەمبیرهاتنەوەی شتەكان و كار لە سیستمی بەرگریی مرۆڤ دەكات و ئەگەری تووشبوونی بە ئینفلەوەنزا و سەرمابردوویی زیاتر دەكات، لە توێژینەوەیەك دەركەوت كە ئەوانەی كەمتر لە شەش سەعات دەخەون مەترسیی تووشبوونیان بە خەڵەفان لە نێوان 22% و 37% بە بەراورد بەوانەی حەوت سەعات دەخەون زیاترە.

دەركەوتووە بێ بوونی خەوێكی باش و پێویست مێشك بواری خۆرزگاربوونی لە هەندێك مادەی وەك پرۆتینی بێتا ئەمیلۆید بۆ هەڵناكەوێت كە بە رۆژ لە مێشك كۆ دەبێتەوە، وەك توێژەرانی كۆلیجی پزیشكی زانكۆی هارڤارد دەڵێن، دەكرێ ئەو پرۆتینانە یەك بگرن و پێكهاتەی لەوحی لە مێشك دروستن بكەن كە هۆكاری نەخۆشیی خەڵەفان و ئەلزەهایمەرن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل