"هەر 10 چركە جارێك لە دنیادا كەسێك بە خواردنەوەی مەی گیان لە دەست دەدات"

:: AM:10:21:23/06/2025 ‌
رێكخراوی تەندروستیی جیهانی رای گەیاند، هەر 10 چركە جارێك، لە دنیادا كەسێك بە خواردنەوەی مەی گیان لە دەست دەدات.
 
رێكخراوی WHO لەبارەی زۆریی خواردنەوەی مەی لە دنیادا دەڵێت: دۆخەكە مەترسیدارە و ئێستە بەشێوەیەكی بەربڵاو گەنجان مەی دەخۆنەوە.

رێكخراوەكە زیانەكانی كحوولی خستووەتەڕوو و ئاماژە بەوە دەكات، زۆر خواردنەوەی كحوول، دەشێت ببێتە هۆی پێكان، پەككەوتنی گورچیلە و جگەر، شێرپەنجە، نەخۆشییەكانی دڵ و ناڕێكییە دەروونییەكان.

رێكخراوەكە بەپێچەوانەی هەموو ئەو قسانەی لەناو خەڵكدا باوە گوایە كحوول دەروون ئارام دەكاتەوە، دەڵێت ئەوە راست نییە، بەڵكو هۆكاری زۆرینەی پشێوییە دەروونییەكانی مرۆڤ كحوولە، كحوول دڵەڕاوكێ و دڵتەنگی زیاتر دەكات.

رێكخراوەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە، بەرفراوانبوونی میدیای دیجیتاڵی كارئاسانی  دەكەن لە ناساندنی بەرهەمەكانی مادەی كحوولی و بڵاوبوونەوەی بە دنیادا، بەتایبەتی لە چالاكییە وەرزشییە گەورەكاندا، رێكلام و ناساندنی بەرهەمەكانی مەی زۆر بەدی دەكرێت. لە فیلمە سینەماییەكاندا، رێكلامكردن و ناساندنی بەرهەمەكانی مەی زیادی كردووە، هەر لە ئەمەریكا لە 100 فیلمدا كە زۆر تەماشا دەكرێن، رێكلامێكی زۆریان بۆ بەرهەمەكانی خواردنەوەی كحوول تێدایە، ئەمانەش دەبنە هۆكاری چاولێكردنی گەنجان و رێژەی بەرزبوونەوەی مەیخۆران.

جگە لەوەیش خواردنەوەی مەی بڕێكی زۆر كالۆری بەجەستە دەبەخشێت و دەبێتە هۆ‌ی قەڵەوی و كێشی زیادە، كاردانەوەی خراپیشی دەبێت لەسەر توانای مێشك.

بەپێی ئامارە پزیشكییەكان، ئەو كەسانەی زۆر مەی دەخۆنەوە، تەمەنیان كورتتر دەبێت لە چاو ئەو كەسانەی كە مەی ناخۆنەوە.



وشە - سۆران عەزیز