بۆ ئارامیی مێشك ئەم خاڵانە جێبەجێ بكەن

:: AM:10:30:25/06/2025 ‌
زۆرجار بەهۆی كێشەكانی ژیان مێشكی مرۆڤ تووشی شڵەژان دەبێت و ئارامی لە دەست دەدات، هاوكات زۆرن ئەوانەی بەهۆی بەسەرچوونی تەمەن و بەساڵاچووییەوە، بەهەمانشێوە مێشكیان جێگیر نابێت و رەنگە تووشی لەبیرچوونەوەیش ببن. پێگەیەكی ئەلیكترۆنی لە چەند خاڵێكدا ئامۆژگاریمان دەكات بۆ ئارامیی مێشك و ئاسوودەیی.

پێگەی "عەرەبیە" هەواڵەكەی لە پێگەی NDTV وەرگرتووە كە پزیشكان و پسپۆرانی بواری دەروونی قسەیان بۆ كردووە، ئاماژە بە چەند خاڵێك دەكەن كە گرنگە مرۆڤ بۆ ئارامیی مێشكیان بایەخیان پێ بدەن، بۆ ئەوەی لە دڵەڕاوكێ و تێكچوونی سەرنج كە سەرجەمیان پێوەندییان بە مێشكەوە هەیە، دوور بكەونەوە.  

بەر لە هەر شتێك پسپۆران باس لە خەوتنی پێویست دەكەن كە مێشكی مرۆڤ پێویستیی پێیەتی، ئەو خەوتنە پێویستە وا دەكات وزەی مێشك و سەرنجەكانی باشتر بێت. 

هەروەها باس لەوەیش دەكەن كە بۆ ئارامیی مێشك، گرنگە مرۆڤ بەشێك لە كاتەكانی بۆ فێربوونی زمانێك بكات كە بۆ مێشك زۆر بەسوودە و ئارامتری دەكات.

هاوكات ئاماژە بە رامان دەكەن كە بۆ مێشك زۆر بەسوودە، دەڵێن رامانی مێشك و ئەقڵ، لە دڵەڕاوكێ دوورتان دەخاتەوە. هەروەها وا دەكات مێشك بەشێوەیەكی گشتی باشتر ئەركەكانی جێبەجێ بكات. 

لە خاڵێكی تریشدا باس لەوە دەكەن كە بۆ ئارامیی مێشك، زۆر گرنگە بایەخ بە موزیك و فێربوونی ئامێرێكی موزیكی بدەن، چونكە موزیك وێڕای ئەوەی ئارەزوویەكی دڵخۆشكەرە، هاوكات مێشكیش چالاكتر دەكات.

لە خاڵێكی تریشدا باس لە وەرزش و راهێنانەكان دەكرێت كە تا چەند بۆ جەستە پێویستن، زیاتر بۆ تەندروستیی مێشك پێویستترن، راهێنانی وەرزشی وا دەكات خوێن بەباشی بۆ مێشك بچێت و وا دەكات سەرنج و بیرەوەری باشتر دەكات.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د