سوودەكانی فاسۆڵیای سوور

:: PM:09:56:25/06/2025 ‌

خۆراك بۆ مرۆڤ پێویستە، جیا لە پێویستییەكەی دەبێت مرۆڤ ئەو خۆراكانە بخوات كە زیاترین سوودیان هەیە و وزە و تەندروستییەكی باشی پێ دەبەخشن، شارەزایان دەڵێن فاسۆڵیای سوور گەنجینەیەكی سروشتییە بۆ تەندروستیی مرۆڤ، كە هاوكات خۆراكێكی بەناوبانگی گەلانە، چێژێكی خۆش و سوودێكی زۆری هەیە وەك لە خوارەوە. 

د. هالە عەسكەر پسپۆڕی چارەسەری بە خۆراك دەڵێت، ئەگەر فاسۆڵیای سوور بە رێكوپێكی بخورێت و زیادەڕۆیی لە خواردنی نەكرێت، سوودی زۆری بۆ تەندروستی هەیە، چونكە بە مادە خۆراكییە پێویستەكان دەوڵەمەندە، بڕێكی زۆر مادەی زنكی تیادایە بەرهەمهێنانی هۆرمۆنی تستۆستیرۆن زیاد دەكات كە كار لە زیادكردنی توانای سێكسیی مرۆڤ و كوالێتیی سپێرمەكانی دەكات و میزاج و دۆخی دەروونی مرۆڤ باش دەكات و بەهێزی دەكات.

سیستمی بەرگریی لەش بەهێز دەكات بەهۆی دەوڵەمەندیی بە دژەئۆكسێنەرەكان و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەكان كەم دەكاتەوە، بۆ تەندروستیی دڵ و لوولەكانی خوێن باشە و پەستانی خوێن رێك دەخات و كۆلیسترۆڵی زیانبەخش كەم دەكاتەوە، ئەوەش بەهۆی دەوڵەمەندی بە مەگنسیۆم و پۆتاسیۆم، بۆ تەندروستیی ئێسك باشە بەهۆی زۆری كالیسیۆم و ئەگەری تووشبوون بە پووكانەوەی ئێسك كەم دەكاتەوە، شەكرەی خوێن رێك دەخات و بەرگری بۆ ئەنسۆلین كەم دەكاتەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل