گومان لەوەدا نییە كە خواردنەوەی ئاو بەتایبەتی لە وەزری هاوین، زۆر پێویستە بۆ رێگەگرتن لە وشكبوونەوەی جەستە. بەڵام توێژینەوەیەك ئاشكرای دەكات كە زۆر گرنگە ئەو ئاوەی لە هاویندا دەخورێتەوە، گەرم یان مامناوەندی بێت، ئەوكات سوودەكەی زۆر زیاتر دەبێت.
پێگەی "عەرەبیە" كە هەواڵەكەی بڵاو كردووەتەوە، پشتی بە پێگەی ئەلیكترۆنیی "تایمز ئۆف ئیندیا" بەستووە كە توێژەران لەبارەی خواردنەوەی ئاو لە هاویندا قسەیان بۆ كردووە. ئاماژەیان داوە كە خواردنەوەی ئاوی گەرم لەلای چینییەكان، بووەتە كولتوورێكی زۆر كۆن كە ئێستەیش بە هەمان كولتوورەوە پابەندن، چونكە سوودی بۆ تەندروستیی گشتی هەیە و مرۆڤ لە زۆر نەخۆشی دوور دەخاتەوە.
توێژینەوەكە باس لەوە دەكات كە خواردنەوەی ئاوی گەرم، وا دەكات بە درێژایی رۆژ و شەو، جەستە بە تەڕی بمێنێتەوە و لە وشكبوونەوە دوور بكەوێتەوە. بەهۆی خواردنەوەی ئاوی گەرم ئەركی هەرس باشتر دەبێت، لە غازات دوور دەكەونەوە، ریخۆڵەكان باشتر ئەركی خۆیان ئەنجام دەدەن، بۆیە توێژەران ئامۆژگاری دەكەن كە خواردنەوەی ئاوی گەرم فەرامۆش نەكەن. ئەوان دەڵێن ئاو بەگشتی باشە، بەڵام ئاوی گەرم سوودەكەی زۆر زیاتر دەبێت.
ئاماژە بەوە دراوە كە ئاوی گەرم زۆر زیاتر لە ئاوی سارد بۆ جەستە كاریگەرترە، بەتایبەتی لە دوای راهێنانی وەرزشی و جەستەیی لە كەشە وشكەكاندا، هەروەها سوودی بۆ هەوكردنی قوڕگ هەیە. هەروەها سوودی بۆ فراوانكردنی دەمارە خوێنییەكان هەیە و وا دەكات خوێن ئاسانتر هاتوچۆ بكات، هاوكات سوودی زۆری بۆ نەهێشتنی گرژیی ماسولكەكان هەیە.
هەندێك توێژینەوەكەیش ئاماژە بەوە دەدەن كە كەمیی ئاو لە جەستە، كاریگەریی خراپی بۆ جەستە دەبێت، بەتایبەتی بۆ ئەركەكانی مێشك، مێشك هەمیشە پێویستی بە ئاو هەیە و چالاكتری دەكات.
دواتریش توێژەران باس لەوە دەكەن كە خواردنەوەی ئاو بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا زۆر گرنگ و پێویستە، ئاویش یەك لە پێویستییە سەرەكییەكانی ژیانی مرۆڤە، هیچ ئەندامێكی جەستە نییە بتوانێ بەبێ ئاو ئەركی خۆی جێبەجێ بكات، بۆیە گرنگە هەمیشە جەستەتان بێ ئاو نەكەن، بەتایبەتی لە هاوینی گەرمدا تا لە وشكبوونەوەی جەستە رزگار بن.