چەرەزات بەهەموو جۆرەكانیەوە، بە چێژە تایبەتەكەی و سوودە تەندروستییە زۆرەكانی، هی ئەوەیە مرۆڤ رۆژانە خواردنی فەرامۆش نەكات، بەڵام پسپۆرانی بواری خۆراك ئاماژە بەوە دەدەن كە زێدەڕۆیی لە خواردنی چەرەزات، كاردانەوەی نەرێنیی بۆ تەندروستی دەبێت و پێویستە وریای ئەو خاڵە گرنگە بن.
پێگەی ئەلیكترۆنیی رۆژنامەی رۆژانەی "ئەهرام"ی میسری، زانیاریی وردی لەبارەی سوود و زیانەكانی چەرەزاتی لە پسپۆرانی بواری خۆراك وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، خواردنی چەرەزات تەنیا بۆ چێژە خۆش و تایبەتەكەی نییە، بەڵكو سوودی زۆری بۆ تەندروستی هەیە كە بەهۆیەوە لە چەندان نەخۆشی دوورتان دەخاتەوە، بەڵام هۆشداریی لە زۆر خواردنی دەدەن كە كاردانەوەی نەرێنیی بۆ تەندروستی گشتی دەبێت.
باس لەوە دەكەن كە چەرەزات بە هەموو جۆرەكانیەوە، خۆراكێكی بچووكە، كەچی سوودەكانی بۆ تەندروستی زۆر گەورەیە كە دەبێتە كۆگەیەكی خۆراكیی پێویست بۆ جەستە. بەڵام چونكە زۆر باس لە سوودەكانی دەكرێت، كەسانی زۆر هەن بۆ ئەوەی زۆرترین سوودی لێ وەربگرن، زێدەڕۆیی لە خواردنی دەكەن، بەڵام ئەو زێدەڕۆییە سوودەكانی پێچەوانە دەكاتەوە و زیانی لە سوودەكانی زیاتر دەبێت.
نموونەی چەرەزات كە خۆی لە گوێز، بادەم، فستق، بوندق، كاجۆ و جۆرەكانی تر دەبینێتەوە، سەرجەمیان بە چەوریی تەندروستی، پرۆتین، ریشاڵ، ڤیتامینەكان، ئاسن وەك مەگنسیۆم و زنك و ڤیتامینی "بی" دەوڵەمەندن، بۆیە گرنگ و پێویستە بایەخی زۆر بە خواردنیان بدرێت، بەڵام زیدەڕۆیی لێ نەكرێت.
پسپۆران بەرلەوەی باس لە زیانەكانی چەرەزات بكەن، زیاتر ئاماژە بە سوودەكانی دەكەن كە بۆ مێشك و دڵ زۆرترین سوودی هەیە، چونكە چەوریی تەندروستیی تێدایە، وا دەكات كۆلیسترۆڵ خراپ لە خوێندا نەمێنێت و دەمارەكان لە گیران دەپارێزێت. بەتایبەتی گوێز سوودی زۆری بۆ سەرنجی مرۆڤ و بیرەوەرییەكانی هەیە، چونكە دەوڵەمەندە بە ترشەڵۆكی "ئۆمیگا 3"، بۆیە بۆ تەندروستیی مێشك زۆر بە سوودە.
هەروەها دەڵێن خواردنی چەرەزات سوودی بۆ دابەزاندنی كێش هەیە، ئەو ریشاڵ و پرۆتینەی لە چەرەزات هەیە، وا دەكەن هەستی تێربوون لەلای مرۆڤ زیاتر بێت و كەمتر هەست بە برسێتی بكات. جیالەوەی رۆڵی زۆری هەیە بۆ نەهێشتنی هەوكردن، بەتایبەتی بادەم چونكە دژەئۆكسید لەخۆ دەگرێت، بۆیە سوودی بۆ كەمكردنەوەی هەوكردنی درێژخایەن هەیە. لەبەرئەوەی چەورییەكەی و بوونی ڤیتامینی "ئی"، بۆ پارێزگاری لە پێست و پرچ بە سوودە.
پسپۆرانی بواری خۆراك باس لە زیانەكانیشی دەكەن ئەگەر زێدەڕۆیی لە خواردنی چەرەزات بكرێت و دەڵێن، ئەو زێدەڕۆییە وا دەكات لەبری دابەزاندنی كێش، بەپێچەوانەوە كێش زیاتر دەكات و كەسەكە قەڵەوتر دەبێت، هەروەها تووشی هەستیاری لە چەند خۆراكێك دەبێت، بۆیە هەرچی پێتان دەكرێ خۆتان لە زێدەڕۆییكردن لە خواردنی بپارێزن.
دواتریش باس لەوە دەكرێت بۆ خواردنی چەرەزات، باشترە سوێركراو نەبێت و هاوكات نەبرژێت، واتە چەرەزات بە سروشتییەكەی سوودەكانی زۆر زیاتر دەبن.