پێوەندیی نێوان خەوتن و تەندروستیی ناودەم لەلای هەرزەكار و گەنجان

:: AM:09:36:05/07/2025 ‌
لە هەواڵێكی ناوازەی زانستی كە لە رێگەی توێژینەوەیەكی نوێی زانستیدا دەركەوتووە، پێوەندییەكی رژد لە نێوان تەندروستیی ناودەم و خەوتندا هەیە بەتایبەتی لەلای هەرزەكار و گەنجان، كاتێك كەسەكە بۆ ماوەیەكی درێژ بە ئاسوودەیی دەخەوێت، بەكتریای سوودبەخش لە رێگەی ناودەمەوە پارێزگاری لە تەندروستیی دەم دەكات.

پێگەی "شەرق ئەوسەت" بڵاوی كردووەتەوە كە ئەنجامی توێژینەوە نوێیەكە لە "كۆنگرەی ساڵانەی نێودەوڵەتی بۆ خەوتن" بڵاو كراوەتەوە كە لە شاری هیوستن- تێكساس لە 31ی ئایار و چواری حوزەیرانی 2025، بە بەشداریی بژاردەیەك توێژەر لە تەندروستیی خەو بووە. ئاماژە دراوە كە ئەو هەرزەكار و گەنجانەی بۆ ماوەیەكی درێژ بە ئاسوودەیی دەخەون، سوود لە بەكتریای سوودبەخش بۆ ناودەم وەردەگرن. بۆ ئەوەیش دووپاتی دەكەنەوە بەكتریای سوودبەخش بۆ تەندروستیی ناودەم و جەستە بەگشتی سوودی زۆری هەیە.

توێژەران بەوە گەیشتوون كە خەوی درێژ لە شەودا بەتایبەتی ئەگەر كەمتر نەبێت لە نۆ سەعات، پێوەندیی راستەوخۆی هەیە كە زیاتر بەكتریای سوودبەخش دەچێتە ناودەمی، ئەوەیش تەنیا كاریگەرییە ئەرێنییەكەی هەر بۆ ددان و ناودەم نابێت، بەڵكو نیشانەیەكی ئەرێنییە بۆ هێزی بەرگریی جەستە و هاوسەنگیی جەستە.

د. كینیس رایت كە یەك لە توێژەرانی توێژینەوەكەیە دەڵێت، میكرۆبیۆمی ناودەمی هەمەجۆر، ژیانی تەندروستی دەبەخشێت، پێوەندییەكی زانستی لە نێوان تەندروستیی ناودەم و خەوتن هەیە، بەتایبەتی لەلای هەرزەكار و گەنجان، ئەوەیش دەرگای ئەو تێگەیشتنەمان بۆ دەكاتەوە كە بزانین چۆن هەڵسوكەوت لەگەڵ كردەی رۆژانە و ژینگەی میكرۆبیی لەناو جەستەدا بكەین.

ئاماژە بەوە دراوە كە لە ئێستە ژیانی ئێمەدا، ئایا هەرزەكار و گەنجان بەپێی پێویست ئەو ماوەیەی بۆ خەوتن پێویستە دەخەون؟ بێگومان بە پێچەوانەیە كە زۆربەیان شەوان تا درەنگانی شەو بەدیار تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ئایپاد و یارییە ئەلیكترۆنییەكان شەونخوونی دەكەن، بۆیە ئەگەری زۆر زۆربەیان كەمتر لە شەش سەعات دەخەون كە ئەوەیش بۆ تەندروستی بەشێوەیەكی گشتی و تەندروستیی ناودەم بەتایبەتی باش نییە.

دواتریش باس لەوە دەكەن كە ئەو جۆرە ژیانەی ئێستە گەنجان، كاریگەرییەكەی تەنیا لەسەر ئەدای خوێندن و میزاج نابێت، بەڵكو كاریگەریی لەسەر لاوازبوونی میكرۆبیۆمی سوودبەخشی ناودەمیش دەبێت، لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی ناهاوسەنگیی ژینگەی ناودەم، ئاكامیش كێشەی تەندروستی دروست دەكات بەتایبەتی بۆ ناودەم و پووك و ددانەكان، دوای ئەوانیش كاریگەرییەكەی لەسەر بەرگریی جەستە و ئەركی هەرس دەبێت.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د