95%ی خه‌یار له ئاو پێكدێت، ئه‌وه‌یش وا ده‌كات باشترین خۆراكی سروشتی بێت بۆ نه‌هێشتنی تینوێتی و به‌گشتی جه‌سته به ته‌ڕی بهێڵێته‌وه، جیاله‌وه‌ی بۆ هه‌رس و هاتوچۆی خوێن و چه‌ندان سوودی تر بۆ ته‌ندروستیی مرۆڤ زۆر پێویسته، بۆیه هۆكاره‌كان زۆرن وا ده‌كه‌ن خۆتان له خواردنی خه‌یار بێبه‌ش نه‌كه‌ن.
پێگه‌ی
"عه‌ره‌بیه" هه‌واڵێكی له‌باره‌ی سووده‌كانی خه‌یار بڵاو كردووه‌ته‌وه، پشتی به زانیارییه‌كانی پسپۆرانی بواری خۆراك به‌ستووه كه قسه‌یان بۆ به‌شی ته‌ندروستیی پێگه‌ی "تایمز ئۆف ئیندیا" كردووه، ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن كه خواردنی رۆژانه‌ی خه‌یار بۆ جه‌سته زۆر پێویسته، به‌تایبه‌تی له رۆژانی گه‌رم و راهێنانی جه‌سته‌یی، ئه‌وه‌یش رێگه‌یه‌كی ئاسانه بۆ ته‌ڕیی جه‌سته كه مرۆڤ هه‌میشه پێویستیی پێیه‌تی.
پسپۆران ده‌ڵێن خه‌یار سه‌رچاوه‌یه‌كی زۆرباشه بۆ ڤیتامینی "كه‌ی" كه رۆڵی سه‌ره‌كی ده‌گێڕێت بۆ هه‌ڵمژینی كالسیۆم و پارێزگاری له هێزی ئێسكه‌كان ده‌كات، هه‌روه‌ها ماده‌ی سیلیكای تێدایه كه بۆ ماسولكه‌كان زۆر به‌سووده. هاوكات چونكه خه‌یار ده‌وڵه‌مه‌نده به دژه‌ئۆكسید وه‌ك فلافۆنۆیدات و تانینات و كیرسیتین، ئه‌وانیش پارێزگاری له جه‌سته له ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌یش ده‌كه‌ن.
باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه ئه‌و ریشاڵه‌ی له توێكڵی خه‌یاردا هه‌یه، هۆكاره بۆ جووڵه‌ی ریخۆڵه‌كان و رێگه له قه‌بزی ده‌گرێت و ئه‌ركی هه‌رس باشتر ده‌كات. هه‌روه‌ها چونكه 95%ی خه‌یار له ئاو و ریشاڵ پێكدێت، رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌یه بۆ هه‌ستی تێربوون بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ. جیاله‌وه‌ی پۆتاسیۆم كه له خه‌یاردا هه‌یه، هاوسه‌نگی سۆدیۆم له جه‌سته‌دا رێكده‌خات، هاوكات كۆلیسترۆڵی خراپ له جه‌سته كه‌متر ده‌كاته‌وه و به‌وه‌یش سوودی بۆ دڵ و دووركه‌وتنه‌وه له نه‌خۆشییه‌كانی دڵ هه‌یه، جیاله‌وه‌ی هه‌وكردن كه‌متر ده‌كاته‌وه.
هه‌روه‌ها پسپۆران ده‌ڵێن سیلیكا كه كۆلاجین به‌رهه‌م دێنێت و ئه‌وه‌یش له خه‌یاردا هه‌یه، بۆ پارێزگاری له رووخسار و پێست هه‌یه. هاوكات دژه‌ئۆكسید كه به‌هه‌مانشێوه له خه‌یاردا هه‌یه، رێگه له پیربوون ده‌گرێت و له زیانه‌كانی خۆر ده‌یپارێزێت.
هاوكات رۆڵێكی خه‌یار ئه‌وه‌یه كاربۆهیدرایت له جه‌سته كه‌متر ده‌كاته‌وه، به‌وه‌یش رۆڵی هه‌یه له ئاستی شه‌كر له خوێن و هاوسه‌نگی ده‌كات. پسپۆران زیاتر ده‌ڵێن كه هه‌وكردنی درێژخایه‌ن، كێشه‌ی زۆر بۆ جه‌سته دروست ده‌كات وه‌ك ئێسك و ماسولكه و ته‌نانه‌ت دڵیش، خه‌یاریش چونكه دژه‌ئۆكسیده، رۆڵی زۆری بۆ نه‌هێشتنی یان كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌وكردنه هه‌یه، گرێیه‌كان له‌ناو ده‌بات و هاوكات پارێزگاری له ئه‌ركی به‌رگریی جه‌سته ده‌كات.