بەرزیی پەستانی خوێن یەكێكە لە نەخۆشییە درێژخایەنەكان و بە بكوژی بێدەنگ دەناسرێت، بەهۆی دیارنەبوونی نیشانەكانی لە زۆرێك لە حاڵەتەكاندا، پزیشكانی دڵ دووپاتی دەكەنەوە كە رەنگە هەندێك نیشانە هەبن ئاماژە بۆ حاڵەتەكە بكەن دیارترینیان سەرئێشەی بەیانیان.
د. عەدنان ئەسلەم و د. رۆی نۆرماڵ دوو پزیشكن لە لە ناوەندی دڵ لە باكوری هیوستن لە ئەمەریكا دەڵێن، رەنگە ئەو نیشانە، واتە سەرئێشەی بەیانی زوو، ئاماژەیەكی زووی بەرزیی پەستانی خوێن بێت، لەپاڵ نیشانەی تری وەك خوێنبەربوونی لووت و ناڕێكی لێدانی دڵ و گۆڕانكاری لە بینین و زرنگانەوەی گوێ، پزیشكان وریایی لە حاڵەتە بەهێزەكان دەدەن بەوەی دەبێتە هۆی شەكەتی و هیڵنج و رشانەوە و رارایی و شێوانی مێشك، كە لێرە پێویستی بە سەردانیكردنی پزیشك هەیە.
رۆژنامەی "میرۆر"ی بەریتانی دەڵێت، مەترسیی پەستانی بەرزی خوێن لە كاریگەریی لەسەر جیڕیی لوولەكانی خوێندایە، كاتێك بە تێپەڕبوونی كات دیواری لوولەكانی خوێن جیڕیان لەدەست دەدەن و تەسك دەبنەوە، ئەوەش نیشتنی چەوری ئاسان دەكات و مەترسیی تووشبوون بە نۆرەی دڵ و سەكتەی مێشك زیاتر دەكات، جیا لەوە چارەسەرنەكردنی پەستانی بەرزی خوێن مەترسیی گەورەی هەیە، لەوانە پەككەوتنی گورچیلە و دڵ و كێشەی بینین و خەڵەفان بەهۆی گیران و تێكچوونی لوولەكانی خوێن لە مێشك.
بەپێی دامەزراوەی دڵی بەریتانی پێنج ملیۆن كەس لەو وڵاتە هەن بێ ئەوەی بیزانن بەدەست بەرزیی پەستانی خوێنەوە دەناڵێنن، تاكە رێگەش بۆ دڵنیابوونەوە لە هەبوونی حاڵەتەكە پێوانەكردنی رێكوپێكی پەستانی خوێنیانە، كە لە نۆرینگەی پزیشكی و دەرمانخانەكان هەیە.