پێوەندیی كافایین بە بەرزیی پەستانی خوێنەوە چییە؟

:: PM:05:10:07/07/2025 ‌

رۆژانە ملیۆنان كەس قاوە یان چا و خواردنەوە وزەبەخشەكان دەخۆنەوە، ئەوان جیا لەوەی چێژی لێ دەبینن، سوودی بۆ مێشك و تەندروستیان هەیە و وزە دەبەخشن و لە وریاكەرەوەكانن، چەندان مادەیان تیادایە لەوانە كافایین، پزیشكێك ئاماژە دەكات كە كافایین دەبێتە هۆی تەسككردنەوەی لوولەكانی خوێن و پەستانی خوێن بەرز دەكاتەوە.

د. لوك لافین پسپۆڕی نەخۆشییەكانی دڵ دەڵێت، كافایین دەبێتە هۆی تەسكبوونەوەی لوولەكانی خوێن، ئەوەش دڵ ناچار دەكات بۆ پاڵنانی خوێن بە هێزێكی زیاتر، بۆیە لە ماوەی 30 خولەك پەستانی خوێن 10 ملیمەتر جیوە بەرز دەبێتەوە، دوای سەعاتێك دەگاتە ئەوپەڕی بەر لە كەمبوونەوەی، بۆیە دووبارەكردنەوەی وەرگرتنی كافایین بەدرێژایی رۆژ وا دەكات پەستانی خوێن بۆ ماوەیەكی زیاتر بەرز ببێتەوە و ئەوەش بارگرانی دەخاتە سەر دڵ.  

توێژینەوەكان ئاماژە دەكەن كە كەسانی پێگەیشتووی تەندروست دەتوانن رۆژانە تا 400 ملگرام كافایین وەربگرن، واتە چوار كووپ قاوەی سادە بێ بوونی كاریگەریی مەترسیدار لەسەریان، هەرچی ئەوانەی كێشەی بەرزیی پەستانی خوێنیان هەیە، پێویستە كەمتر وەربگرن و بۆ دیاریكردنی بڕی سەلامەت دەبێت راوێژ بە پزیشك بكەن.

مرۆڤەكان كاردانەوەی جیاوازیان بەرانبەر بە خواردنی كافایین هەیە، هەندێكیان دوای كووپێك قاوە هەست بە دەمارگیری دەكەن، هەندێكیشیان دوای چەند كووپ كاریگەری لەسەریان نییە، د. لافین دەڵێت، نەبوونی نیشانە مانای نەبوونی كاریگەریی كافایین نییە، چونكە زۆر خواردنەوەی كافایین دەبێتە بەرزیی بەردەوامی پەستانی خوێن و خێرابوونی لێدانی دڵ.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل