پزیشکێک هۆشداری دەدات: ئالوودەبوون بە کحوول مەترسیی "مردنی لەناکاو" زیاد دەکات

:: PM:11:13:08/07/2025 ‌
دکتۆر ڤیتالی خولدین، پسپۆڕی دەروونناسی و ماددە هۆشبەرەکان، هۆشداری دەدات کە ئالوودەبووان بە کحوول، زیاتر لە هەر کەسێکی تر ڕووبەڕووی مەترسیی تووشبوون بە "مردنی لەناکاو" دەبنەوە.

دکتۆر خولدین بەگوێرەی سەرچاوەی Vesti.ru، هۆشداریی داوە، خواردنەوەی کحوول بۆ ماوەیەکی درێژ دەبێتە هۆی لاوازبوونی ماسولکەی دڵ، بەجۆرێک کە شل دەبێتەوە و ناتوانێت بە شێوەیەکی ئاسایی کارەکانی بکات، ئەمەش مەترسیی تووشبوون بە مردنی لەناکاو زیاد دەکات.

خولدین ڕوونی کردووەتەوە، لاوازبوونی ماسولکەی دڵ بەهۆی کحوولەوە (alcoholic cardiomyopathy) دەتوانێت ببێتە هۆی تێکچوونی کاری دڵ و لەوانەیە بگاتە جەڵتەی لەناکاوی دڵ، ئاماژەی بەوەش داوە، مردن لەوانەیە تەنانەت لەکاتی ژەهراویبوون بە کحوولیش ڕوو بدات، لە کاتێکدا کەسەکە بەئاگایە.

هەروەها ئاماژەى داوە، نیشانەکانی ئەم حاڵەتە مەترسیدارە بریتین لە تەنگەنەفەسی، ئاوسان، خێرابوونی لێدانی دڵ و هەستکردن بە ئازار لە سنگدا. لەم حاڵەتانەدا، پێویستە دەستبەجێ سەردانی پزیشک بکرێت.

لە کۆتاییدا، پزیشکەکە دووپاتی کردووەتەوە، کحوول بە هەر بڕێک بێت ژەهرە و هیچ بڕێکی سەلامەتی نییە، هۆشداریی داوە لە سووک سەیرکردنی کاریگەرییە تەندروستییە مەترسیدارەکانی.


وشە - پۆڵا مەحموود