بۆ بەهێزیی ئێسكەكانتان.. رۆژانە بەبێ دوودڵی دوو هێلكە بخۆن

:: AM:11:59:09/07/2025 ‌
پێشتر زۆر قسە لەسەر ئەوە دەكرا كە زۆر خواردنی هێلكە بۆ تەندروستی باش نییە و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی كۆلیسترۆڵ لە خوێن، بەڵام ئێستە و بەپێی توێژینەوەیەكی نوێ ئاشكرا كراوە، هێلكە یەك لە خۆراكە زۆرباشەكانە بۆ تەندروستی و تەنانەت باس لە چۆنایەتی و چەندایەتی خواردنی هێلكە دەكەن.

پێگەی "ئیلاف" هەواڵێكی لەوبارەیەوە بڵاو كردووەتەوە كە توێژینەوە نوێیەكە لە گۆڤاری زانستیی Food & Function   باس لە سوودەكانی هێلكە و چۆنایەتی و چەندایەتیی دەكات، لەوێدا توێژەران ئاماژە دەدەن كە هێلكە تەنیا سوودەكانی لە پرۆتینە زۆرەكەی نییە، بەڵكو بۆ تەواوی ئێسك و ماسولكەكانی مرۆڤ بە سوودە، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی لینجی نێوان جومگەكانیان نامێنێت و كاریگەریی لەسەر تێكچوونی ئێسك دەبێت.

باس لەوە دەكەن كە هێلكە دەوڵەمەندە بە مادەكانی كالسیۆم و مەگنسیۆم و فسفۆر و هەروەها زنك، هەموو ئەوانە ئێسك و ماسولكە بەهێز و لەگەڵیدا بەرگریی جەستەیش بەهێزتر دەكەن.

توێژەرانی توێژینەوە نوێیەكە باس لەوە دەكەن كە كاریگەریی هێلكە لەسەر ئاستی كۆلیسترۆل، بۆ بەڵگە نوێیەكانی ئێستە پشتڕاست ناكرێتەوە، بۆ ئەوەیش كۆرین شیشیپۆرتیچ كە پسپۆری تایبەت بە خۆراكە دەڵێت، ئەگەر رۆژانە دوو هێلكەیش بخۆرێت، ئاستی كۆلیسترۆل بەرز ناكاتەوە و مەترسی دروست ناكات، بەپێچەوانەوە چەوری و پرۆتینی ناو زردێنەی هێلكە و دژە ئۆكسیدەكەی، سوودێكی زۆریان هەیە بۆ تەندروستیی مرۆڤ.

بۆیە ئەو پسپۆرە دەڵێت هێلكە یەك لەو خۆراكانەیە كە بە ئاسانی و بەخێرایی ئامادەی خواردن دەكرێت، جا لەناو رۆن سوور بكرێتەوە یان بە كوڵاوی، بۆیە ئامۆژگاری دەكات كە هەر كەسێكی ئاسایی دەتوانێ رۆژانە دوو هێلكە بەهەر جۆرێك خۆی دەیەوێ ئامادەی بكات و بیخوات، نەك هەر كاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستی دروست ناكات، بەڵكو سوودی زۆری دەبێت.

دواتریش د. كۆرین شیشیپۆرتیچ دووپاتی دەكاتەوە كە هێلكە هی ئەوەیە نییە لە خواردنی دوودڵ بن، بەڵكو بە خواردنی ئێسك و ماسولكە بەهێز و بەرگریی جەستەیشتان بەهێزتر دەبێت، بێگومان ئەوانە بۆ كەسانی ئاسایی، بۆ ئەوانەیش كە نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، باشترە پزیشكی پسپۆر بەرنامەی تایبەتی خواردنیان بخاتە بەردەست بەپێی نەخۆشییەكانیان.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د